گەیاندن وپەیوەندییەکانی عێراق وادەی قەدەغەی بانگەشەی میدیایی ئاشکرا کرد
دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق دەڵێت، بە ئامانجی دروستکردنی ژینگەیەکی پیشەیی و بەرپرسیارانە بۆ هەڵبژاردنەکان، بە هەماهەنگی لەگەڵ کۆمسیۆنی باڵای هەڵبژاردنەکان، بڕیاری قەدەغەی بانگەشەی میدیایی بۆ هەڵبژاردنەکانی پەرلەمان دەچێتە بواری جێبەجێکردنەوە.
ئەمڕۆ پێنجشەممە ٦ـی تشرینی دووەمـی ٢٠٢٥، بەگوێرەی نووسراوێکی دەستەی راگەیاندن و پەیوەندییەكانی عێراق کەدەستی موتەڵع کەوتووە قەدەغەی بانگەشەی میدیایی لە کاتژمێر حەوتی بەیانیی رۆژی شەممە، ٨ـی تشرینی دووەم، دەستپێدەکات و تا کاتی داخستنی دوایین بنکەی دەنگدان بەردەوام دەبێت.
لە نووسراوەکەدا هاتووە، ئەم بڕیارە لە چوارچێوەی رۆڵی دەستووریی دەستەی ڕاگەیاندن و گەیاندندایە بۆ رێکخستنی کەرتی راگەیاندن و گەیاندن لە عێراقدا، ئامانج لێی مسۆگەرکردنی هەڵبژاردنێکی پاک و بێ لایەنانەیە، دوور لە کاریگەریی بانگەشەی کۆتایی کاندید و هاوپەیمانێتییەکان.
دەستەکە جەخت لە پابەندبوونی هەموو دەزگاکانی راگەیاندن دەکاتەوە بە ماددەی شەش، بڕگەکانی (٢، ٤، ٥)ی "پەیڕەوی یاساکانی گواستنەوەی میدیایی لە هەڵبژاردنەکان.
بەپێی یاساکە، بڵاوکردنەوەی هەر جۆرە بانگەشەیەکی ڕاستەوخۆ یان ناڕاستەوخۆ بۆ کاندید یان قەوارە سیاسییەکان قەدەغەیە.
بڵاوکردنەوەی هەر ماددەیەک بە ئامانجی ناوزڕاندنی کاندید یان قەوارەیەک لە ماوەی قەدەغەکردنی بانگەشەدا ڕێگەپێنەدراوە.
هەر قسەیەک یان ماددەیەکی ڕاگەیاندن کە ئاماژە بە کاندید یان قەوارەیەکی سیاسی بکات (بۆ یان دژی)، وەک بانگەشەی هەڵبژاردن دادەنرێت.
لە کۆتاییدا دەستەکە داوا لە هەموو دەزگاکانی ڕاگەیاندن دەکات ببنە هاوبەشێکی نیشتمانی لە سەرخستنی پڕۆسەی هەڵبژاردن، بە پابەندبوون بەم رێوشوێنانە و دروستکردنی ژینگەیەکی ئارام بۆ دەنگدەران، تاوەکو بتوانن بە دوور لە بانگەشە بڕیارەکانیان بدەن.
بڕیارە سێشەممەی داهاتوو ١١ـی ١١، هەڵبژاردنی خولی شەشەمی پەرلەمانی عێراق بەڕێوەبچێت، پێویستە پێش هەڵبژاردن هەموو جۆرە بانگەشەیەک بووەستێندرێت.

