ستیڤ ویتکۆف: وڵاتێکی دیکە دێتە نێو رێککەوتنی ئەبراهامەوە
ستیڤ ویتکۆف، نێردەی تایبەتی دۆناڵد ترەمپ، سەرۆکی ئەمریکا رایدەگەیێنێت، بڕیارە درەنگانی شەوی پێنجشەممە ئەمریکا بە فەرمی رابگەیێنێت کە وڵاتێکی دیکەی نوێ دەچێتە نێو چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ئەبراهامەوە. ئەم رێککەوتننامانە کە لە سەردەمی یەکەمی سەرۆکایەتیی ترەمپدا دەستیانپێکرد، بوونە هۆی ئاساییکردنەوەی پەیوەندییەکانی نێوان ئیسرائیل و ژمارەیەک وڵاتی عەرەبی و ئیسلامی.
ویتکۆف، کە لە کۆڕبەندی بازرگانیی ئەمریکا لە شاری مەیامی قسەی دەکرد، گوتی "ئەمشەو دەگەڕێمەوە واشنتن، چونکە ئەمشەو رادەگەیێنین کە وڵاتێکی دیکە دێتە نێو رێککەوتننامەکانی ئەبراهامەوە."
لە وەڵامی پرسیارێکدا سەبارەت بەوەی کە کام وڵاتە پەیوەندی بە رێککەوتنەکانەوە دەکات، ویتکۆف، خۆی لە ئاشکراکردنی ناوی وڵاتەکە پاراست و گوتی، "نازانم هێشتا ئاشکرا کراوە یان نا."
بەپێی راپۆرتێکی ماڵپەڕی هەواڵیی ئەکسیۆس، پێشبینی دەکرێت وڵاتە نوێیەکە کۆماری کازاخستانی ئاسیای نێوەڕاست بێت. کازاخستان دەیان ساڵە پەیوەندیی دیپلۆماسیی لەگەڵ ئیسرائیلدا هەیە.
هاوکات سەرۆکی کازاخستان یەکێکە لەو پێنج سەرکردەیەی ئاسیای نێوەڕاست، کە رۆژی پێنجشەممە لە کۆشکی سپی لەگەڵ دۆناڵد ترەمپ کۆبوونەوە.
لە چوارچێوەی رێککەوتننامەکانی ئەبراهامدا لە ماوەی یەکەم خولی سەرۆکایەتیی ترەمپ، هەریەکە لە ئیماراتی عەرەبیی، بەحرێن و مەغریب لە ساڵی 2020 پەیوەندییان لەگەڵ ئیسرائیل دروست کرد.
