فەرماندەیی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان پلانی خۆی بۆ گواستنەوەی سندوقەکانی دەنگدان ڕادەگەیەنێت
ئەمڕۆ دووشەممە، فەریق یەکەم ڕوکن قەیس ئەلمحەمەداوی، سەرۆکی لیژنەی ئەمنی هەڵبژاردنەکان و جێگری فەرماندەی ئۆپەراسیۆنە هاوبەشەکان، جەختی لەوە کردەوە کە یاسای کۆمسیۆن پابەندی کردوون بە بوونی سێ کامێرا لە هەر وێستگەیەکی هەڵبژاردن، هاوکات ئاماژەی بە داڕشتنی پلانێک کرد بۆ گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان و میمۆری (عصا الذاكرة / Memory Stick) لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە.
ئەلمحەمەداوی بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: "یاسای کۆمسیۆن ئەمساڵ پابەندی کردوون بە بوونی سێ کامێرا لە هەر وێستگەیەکی هەڵبژاردن کە بە گۆشەی جیاواز جێگیر کراون، و ئەمانە وەک بەڵگەنامەی فەرمی هەژمار دەکرێن کە لە کاتی بوونی تانە یان گومان لەلایەن هەر قەوارەیەکی سیاسییەوە دەگەڕێندرێتەوە بۆیان"، ڕوونیشیکردەوە کە "ئەم کامێرایانە بوونەتە پێداویستییەکی یاسایی سەرەکی بۆ کاری کۆمسیۆن و بەردەوام سەرجەم قۆناغەکانی پڕۆسەی هەڵبژاردن لە کردنەوەی بنکەکە تا داخستنی تۆمار دەکەن".
ئاماژەی بەوەشکرد کە "گواستنەوەی سندووقەکانی دەنگدان و پێداویستییەکان و میمۆری لە ناوچە دوورەدەستەکانەوە ئاستەنگێکی گەورەیە، بۆیە پلانێکی ورد داڕێژراوە بە هەماهەنگی لەگەڵ فڕۆکەوانی سوپا بۆ دڵنیابوون لە پڕۆسەی گواستنەوە لە قەزا و ناحیە دوورەکانەوە بۆ ناوەندەکانی شارەکان".
ئاماژەی بەوەشدا، "کەرەستەکانی هەڵبژاردن سەرەتا دەگوازرێنەوە بۆ ناوەندەکانی شارەکان و نووسینگەکانی تۆمارکردن، پاشان بۆ نووسینگەکانی کۆمسیۆن لەژێر سەرپەرشتی کارمەندانی باوەڕپێکراودا و هێزێکی تایبەتی پاراستن یاوەرییان دەکات"، ڕوونیشیکردەوە کە "هێزی ئاسمانی گواستنەوەی کەرەستەکان لە نێوان ئەو پارێزگایانەدا دەگرێتە ئەستۆ کە فڕۆکەخانەیان هەیە وەک بەسرە و میسان و زیقار و واسیت و سەلاحەدین و نەینەوا، لە کاتێکدا کەرەستەکان بۆ پارێزگا نزیکەکان کە دوورییان لە نێوان 100 بۆ 150 کیلۆمەترە، لە ڕێگەی ئۆتۆمبێلی سەربازییەوە دەگوازرێنەوە بۆ دڵنیابوون لە گەیشتنیان لە کاتی دیاریکراودا".
