وەزارەتی ناوخۆ سەرکەوتنی پلانی ئەمنی بۆ دەستەبەرکردنی هەڵبژاردن رادەگەیەنێت
ئەمڕۆ سێشەممە، عەبدولئەمیر شەمەری وەزیری ناوخۆ، سەركەوتنی پلانی ئەمنیی تایبەت بە هەڵبژاردنی پەرلەمانی 2025ی راگەیاند.
وەزارەتەكە لە بەیاننامەیەكدا كە دەستی موتەڵع کەوتووە، دەڵێت: وەزیری ناوخۆ عەبدولئەمیر شەمەری بەرزترین و واتادارترین سوپاس و پێزانین و شانازی ئاراستەی سەرجەم پێكهاتەكانی وەزارەت لە بەغدا و سەرجەم پارێزگاكان دەكات، ئەمەش وەك پێزانینێك بۆ ئەو هەوڵە نائاسایی و پرۆفیشناڵانەی كە پێشكەشتان كرد لە جێبەجێكردنی پلانی دەستەبەركردی هەڵبژاردنەكان، كە بە سەركەوتنێكی گەورە كۆتایی هات تائێستا و لایەنە چاودێر و راگەیاندنەكان لەسەر ئاستی ناوخۆیی و نێودەوڵەتی ستایشیان كردووە، و داواتان لێدەكەم بە هەمان هەوڵەوە بەردەوام بن تا كۆتاییهاتنی كۆمیسیۆن لە سەرجەم وردەكارییەكانی پرۆسەی هەڵبژاردن.
شەمەری راشیگەیاند: پیاوانی وەزارەتی ناوخۆ جارێكی تر سەلماندیان كە ئەوان ناونیشانی دیاری ئاسایش و رێكخستن و ئامادەیین، و ئێوە ئەو پشتگیرییەن كە پاشەكشە ناكات، و ئەو قەڵغانەن كە ناشكێت كاتێك ئەرك ئامادەیی و بوێری داوا دەكات.
وتیشی: ئەم سەركەوتنە بەدی نەدەهات ئەگەر كاری بەردەوام و هاوئاهەنگیی بەرز و رۆحی یەك تیم نەبوایە كە ئێوە پەیڕەوتان كرد لە هەموو جومگەیەكی ئەمنی، و لە هەموو شەقامێك، و بنكەیەكی پۆلیس، و دەورییەیەك، و خاڵێكی پشكنین، و ژوورێكی ئۆپەراسیۆن.
ئاماژەی بەوەشدا: وەزارەتی ناوخۆ دووپاتی دەكاتەوە كە ئەم سەركەوتنە بە ناوی هەمووانەوە تۆمار دەكرێت، پیاوانی ئەمنی دڵسۆز، و گەلی هۆشیار، و نیشتمانێك كە هەمیشە شایستەی باشترینە.
