وەزارەتی تەندروستی ڕەتیدەکاتەوە هیچ کەمتەرخەمییەک لە نەخۆشخانەی ڕەشاد هەبێت
ئەمڕۆ هەینی، وەزارەتی تەندروستی ڕوونکردنەوەیەکی سەبارەت بەوەی لەسەر نەخۆشخانەی فێرکاریی ڕەشاد خرایەڕوو، دەرکرد.
وەزارەت لە ڕاگەیەنراوێکدا کە دەستی ئاژانسی موتەڵع کەوتووه، ئاماژەی بەوە کردووە کە وێنەگرتنی بەرنامە بڵاوکراوەکە لە ڕێکەوتی ٢٧ی تشرینی یەکەمدا بووە، واتە نزیکەی ٤٠ ڕۆژ لەمەوبەر، ئاماژەی بەوەش کرد کە ئەوەی بەم دواییانە لە زانیاریی ناڕاست و هەڵە بڵاوکراوەتەوە، ستەمە لە هەوڵی هەزاران کارمەند کە لە نەخۆشخانەی ڕەشاد (شەماعیە) کار دەکەن، کە جگە لەوەی دامەزراوەیەکی چارەسەرییە، وەک خانەی داڵدەدانیش وایە.
وەزارەت ڕوونیکردەوە کە خودی میدیاکارەکە و شایەتیی ژمارەیەکی زۆر لە نەخۆشەکان بە ڕوونی جۆری ئەو چاودێرییەی پێشکەش دەکرێت و بوونی پێداویستییە سەرەکییەکانیان دەرخستووە، لە سەرووی هەمووشیانەوە دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردن، کە کرۆکی کاری وەزارەتی تەندروستین، ڕوونیشیکردەوە کە نەخۆشخانەکە نزیکەی ١٥٠٠ نەخۆشی تێدایە، کە نزیکەی نیوەیان چاکبوونەتەوە، بەڵام کەسوکاریان ڕەتیدەکەنەوە وەریانبگرنەوە، ئەمەش نەخۆشخانەکەی گۆڕیوە بۆ خانەی داڵدەدان کە پێویستی بە پاڵپشتیی لایەنەکانی دیکە و ڕێکخراوەکانی کۆمەڵگەی مەدەنی هەیە".
وتیشی: ئەرکی سەرەکیی وەزارەتی تەندروستی دەستنیشانکردنی نەخۆشی و چارەسەرکردنە، و هیچ کەمتەرخەمییەک لەم دوو لایەنەدا تۆمار نەکراوە و بەڵگەکەش چاکبوونەوەی تەواوەتی هەزاران حاڵەتە، ئاماژەی بەوەشدا کە نزیکەی ١٥٠ نەخۆش ناسنامەیان دیار نییە و بەڵگەنامەی فەرمییان نییە، چونکە لەلایەن لایەنە ئەمنییەکان یان لایەنەکانی دیکەوە گواستراونەتەوە بۆ نەخۆشخانەکە.
ئەوەشی خستەڕوو کە نەخۆشخانەکە بەشێکی تایبەتی بۆ حاڵەتە تاوانکارییەکان (ئەو حکومدراوانەی کێشەی دەروونییان هەیە) تێدایە، کە ئەمەش مامەڵەکردن لەگەڵ هەندێک حاڵەت قورستر دەکات، ئاماژەی بەوەشدا کە نەخۆشخانەکە ٢٤ بەش (ڕەدهە) و هۆڵی تێدایە کە لە دۆخێکی زۆر باشدان، جگە لە دوو بەشی کۆن کە لە قۆناغی لابردن و نۆژەنکردنەوەدان، لەگەڵ ئاماژەدان بەوەی کە هەندێک لە نەخۆشەکان حەز بە گۆشەگیری یان جووڵە و هەوڵی هەڵهاتن دەکەن، و بەردەوام دەگەڕێندرێنەوە بۆ شوێنی مانەوەیان.
وەزارەت جەختی کردەوە کە خۆراک لە بەرزترین ئاستدایە بە بڕی ٤-٥ ژەم لە ڕۆژێکدا کە گۆشت و بەرهەمە شیرەمەنییەکان و جۆری جیاواز لەخۆدەگرێت، و هیچ حاڵەتێکی لاوازیی جەستەیی یان بەدخۆراکی تۆمار نەکراوە، وەزارەت کار دەکات بۆ دابینکردنی جلوبەرگی هاوینە و زستانە و ناوەوە بۆ نەخۆشەکان، سەرەڕای خزمەتگوزاریی سەرتاشین و خۆشووشتن، لەگەڵ سوپاسکردنی لایەنە پاڵپشتیکارەکان و خۆبەخشان کە لە هەندێک ئەرکدا هاوکارن، ئاماژەی بەوەشدا کە دامەزراوەی ڕەشاد یاریگا و کارگە و وێنەکێشان و شانۆ و شوێنی کات بەسەربردنی جۆراوجۆر بۆ نەخۆشەکان لەخۆدەگرێت، هەروەها نەخۆشخانەکە بەشی فریاکەوتن و بەشی حاڵەتە نەخۆشییە گشتییەکانی (نا دەروونی) تێدایە، و هیچ کەمتەرخەمییەک لەم لایەنەدا تۆمار نەکراوە.
لە کۆتاییدا وەزارەت وتی: ئەو بڵاوکردنەوەیەی وێنە و ڤیدیۆی کۆن، و سەرنج خستنە سەر لایەنی نەرێنی لەملا و لەولا کە ڕەنگە لە دامەزراوەیەکی دیکەی نا تەندروستیشدا هەبن، بەبێ بینینی وێنە گشتییەکە بە تەواوی، بە ستەم و تۆمەت دادەنرێت بۆ هەوڵی هەزاران کارمەندی تەندروستی و پزیشکی و پەرستاری و ئەندازیاری و کارگێڕی کە دڵسۆزانە خزمەت دەکەن
