شەرع: سوریایەکی بەهێز بنیاد دەنێینەوە
ئەحمەد شەرع، سەرۆکی سوریا، ئەمڕۆ دوشەممە لە یەکەمین ساڵیادی روخاندنی حوکمی بەشار ئەسەد، سەرۆکی پێشو، جەختی کردەوە لەسەر گرنگی یەکخستنی هەوڵەکانی سورییەکان بۆ بنیاتنانی "سوریایەکی بەهێز" و بەدیهێنانی ئایندەیەک کە "شایستەی قوربانیدانی گەلەکەی بێت". لەكاتێكدا كورد و عەلەوییەكان بایكۆتی ئاهەنگەكانی پەیوەست بەو یادەیان كرد.
ئەحمەد شەرع، دوای ئەنجامدانی نوێژی بەیانی لە مزگەوتی ئومەوی وتی، "سوریایەکی بەهێز دەگەڕێنینەوە بە بنیاتنانێک کە شایستەی ئێستا و ڕابردوی بێت. بنیاتنانێک کە شایستەی شارستانییەتی دێرینی سوریا بێت"، بەپێی ئەو لێدوانانەی میدیاکانی ئەو وڵاتە بڵاویانکردوەتەوە.
شەرع کە بە جلێکی سەربازی رەنگ سەوزەوە دەرکەوت، کە ساڵێک لەمەوبەر لە کاتی گەیشتنی بە دیمەشق پۆشیبوی، جەختی لەوە کردەوە کە "پاراستنی ئەم سەرکەوتنە و بنیاتنان لەسەری، ئەمڕۆ ئەرکێکی گەورەیە لە ئەستۆی هەمو سورییەکان".
دەسەڵاتداران ئاهەنگیان گێڕا بەبۆنەی لابردنی ئەسەد، لە کاتێکدا ئیدارەی خۆسەری کورد، کە دانوستانەکانی لەگەڵ دیمەشق بۆ تێکەڵکردنەوەی دامەزراوەکانی بە دەوڵەت هێشتا هیچ بەرەوپێشچونێکی بەخۆیەوە نەبینیوە، قەدەغەکردنی هەر گردبونەوە یان چالاکییەکی جەماوەری لە سەرجەم ناوچەکانی ژێر دەسەڵاتی لە باکوری ڕۆژهەڵاتی سوریا ڕاگەیاند، بەهۆی "بارودۆخی ئەمنی ئێستا و زیادبونی چالاکی شانە تیرۆریستییەکان".
لە لایەکی دیکەوە غەزال غەزال، پیاوی ئاینی دیاری عەلەوی سوری، ڕۆژی یەکشەممە داوای لە ڕۆڵەکانی تایفەکەی کرد "مانگرتنی گشتگیر لە هەمو بوارەکانی ژیاندا ئەنجامبدەن و بۆ ماوەی پێنج ڕۆژ لە ماڵەکانیان بمێننەوە"، مانگرتنەکە لە ئەمڕۆوە دەستیپێکرد.
