سەرۆک کۆمار داوای هەنگاوی یەکلاکەرەوە دەکات بۆ وەستاندنی ململانێکان لە سەرانسەری جیهاندا
ئەمرۆ هەینی"لەتیف جەمال ڕەشید"سەرۆک کۆمار،جەختی کردەوە کە عێراق دوای ساڵانێک لە پاشەکشە، ڕۆڵە میحوەرییەکەی لەسەر هەردوو ئاستی هەرێمی و نێودەوڵەتی بەهێز کردۆتەوە و ئەمڕۆ ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لە ناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و جیهانییەکاندا،لە گۆڕەپانە جیاجیاکانی سیاسی و ئابووری و گەشەپێداندا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار، کە دەستی ئاژانسی هەواڵی موتەڵع کەوتووە ،تیایدا هاتووە : سەرۆک کۆمار لە وتارێکدا کە لە میانی کۆڕبەندی ساڵی نێودەوڵەتی بۆ ئاشتی و متمانە پێشکەشی کرد، کە کارەکانی ئەمڕۆ هەینی 12 ی کانوونی یەکەمی 2025 لە عەشق ئابادی پایتەختی تورکمانستان بە بۆنەی سییەمین ساڵیادی بێلایەنیی تورکمانستانەوە دەستیپێکرد، ڕایگەیاند کە عێراق هەوڵ دەدات پەیوەندییەکی هاوسەنگ و کارا لەگەڵ دەوروبەری هەرێمی و نێودەوڵەتیدا بچەسپێنێت، کە پشت بە بنەماکانی ئاشتی و هاوکاری و ڕەتکردنەوەی جەنگ و ململانێکان دەبەستێت، بەتایبەتی لە ناوچەی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
سەرۆک کۆمار داوای لە کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی کرد بەرپرسیارێتی یاسایی و ئەخلاقی خۆیان لە ئەستۆ بگرن بۆ کۆتاییهێنان بە مەینەتییەکانی گەلی فەڵەستین و ڕاگرتنی دەستدرێژییە بەردەوامەکانی قەوارەی زایۆنی بۆ سەر سوریا و لوبنان و ڕێگریکردن لە خزانی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ ناو جەنگێک کە هیچ براوەیەکی تێدا نییە، جەختیشی کردەوە کە هیچ ئاشتی یان سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لە ناوچەکەدا بەدی نایەت مەگەر بە گەیشتن بە چارەسەرێکی دادپەروەرانە و گشتگیر بۆ دۆزی فەڵەستین.
ئەمەی خوارەوە دەقی وتارەکەی سەرۆک کۆمارە:
بەناوی خودای گەورە و میهرەبان
خاوەن پایە بەڕێزەکان
بەڕێز سەردار بەردی موحەمەدۆڤ سەرۆک کۆماری تورکمانستان
سڵاوی خودای گەورەتان لێ بێت.
سەرەتا سوپاس و پێزانینی دڵسۆزانە بۆ سەرکردایەتی تورکمانستان دەردەبڕم بۆ میوانداریی و پێشوازی گەرمیان، هەروەها بۆ سازدانی ئەم کۆڕبەندە گرنگە، بەبۆنەی 30 ساڵەی بێلایەنی هەمیشەیی تورکمانستان، هەروەها بڕیارنامەی کۆمەڵەی گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان، دیاریکردنی ٢٠٢٥ بەساڵی ئاشتی و متمانەی نێودەوڵەتی.
ئەمڕۆ کە لێرە کۆدەبینەوە جیهان بەقۆناغێکی گرینگدا تێدەپەڕێت ، چونکە زۆرێک لەناوچەکان گەواهیدەری ناکۆکی و جەنگی و ململانێ یە کەبەسەر هەموو جیهان سێبەریان کردوە، بە شێوەیەکی ڕاستەوخۆ و ناڕاستەوخۆ، کاردانەوەی دوور مەودایان لەسەر پرسە ئابووری و کۆمەڵایەتییە جیاوازەکان بەجێدەهێڵێت.
مەترسی ئەم قۆناغە پێویستی بەوەیە کەهەموومان هەنگاوی یەکلاکەرەوە و جددی بنێین بۆ وەستاندنی ئەو ململانێیانە و کۆتاییهێنان بەئازارەکانی گەلان.
دەیان ساڵە عێراق بەدەست میراتێکی قورسی جەنگ و ململانێ و ستەمکاری و تیرۆرەوە دەیناڵاند و لەئەنجامدازیانێکی بێئەندازەی لێکەوتەوە کەبارگرانی لەسەر دەوڵەت و کۆمەڵگە دروستکرد، کەعێراقییەکان باجێکی قورسیان بۆ دا.
ئەم ئاستەنگانە ئابووری وڵاتیان پەکخستووە و ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و خۆشگوزەرانی گەلەکەی ڕاگرت، بەڵام واقیعی ئەمڕۆ ئەوە نیشان دەدات کەعێراق بەبەردەوامی بەرەو قۆناغێکی جیاواز هەنگاو دەنێت.
ئەمڕۆ عێراقییەکان بەردەوامن لەهەوڵەکانیان بۆ چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیری و بەهێزکردنی بارودۆخی ئابووری و کۆمەڵایەتی و پاڵپشتیکردنی دەستپێشخەرییەکانی ئاوەدانکردنەوە و گەشەپێدان و گەیشتن بە ئامانجەکانی گەشەپێدانی بەردەوام و دامەزراندنی پەیوەندییەکی هاوسەنگ و کاریگەر لەگەڵ ژینگەی ناوچەیی و نێودەوڵەتی خۆیان، لەسەر بنەماکانی ئاشتی و هاوکاری و ڕەتکردنەوەی جەنگ و ململانێکان، بەتایبەتی لە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستدا.
دوای چەندین ساڵ لەگۆشەگیری، عێراق دەگەڕێتەوە بۆ ڕۆڵی سەرەکی خۆی لە هەردوو ئاستی ناوچەیی و نێودەوڵەتیدا ، وڵاتەکەمان سەرۆکایەتی لوتکەی عەرەبی و سەرۆکایەتی گروپی ٧٧ و چین دەگرێتە ئەستۆ، و ڕۆڵێکی کارا دەگێڕێت لەناو ڕێکخراوە نێودەوڵەتی و نەتەوە یەکگرتووەکان لە بوارە جیاوازەکانی سیاسی و ئابووری و گەشەپێدان.
خوشکان برایانی بەڕێز...
قەبارەی ئەو قەیرانە چارەسەرنەکراوەی کەدەیان ساڵە ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاستی گرتۆتەوە، حاشا هەڵنەگرە و جێپەنجەی خۆی لەسەر ناوچەکە و جیهان بەجێهێشتووە، لە پێشەنگی ئەم دەرئەنجامانەدا بەردەوامی ئازارەکانی گەلی فەلەستینە، کە ڕووبەڕووی چەندین جۆری توندوتیژی، کوشتن، برسێتی، ئاوارەبوون و وێرانکردنی شار و ماڵەکانیان دەبنەوە، هەموو ئەمانەش لەبەردەم چاوی کۆمەڵگەی نێودەوڵەتیدا.
هەرجۆرە ئاشتی و سەقامگیرییەکی ڕاستەقینە لەناوچەکەدا تەنیا لەڕێگەی چارەسەرێکی دادپەروەرانە و هەمەلایەنە بۆ پرسی فەلەستین و بە جێبەجێکردنی بڕیارنامە نێودەوڵەتییە پەیوەندیدارەکان و پێدانی مافە ڕەواکانی گەلی فەلەستین بۆ دامەزراندنی دەوڵەتی سەربەخۆی خۆیان بەدی دێت.
کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەبێت بەرپرسیارێتی یاسایی وئەخلاقی خۆی هەڵبگرێت بۆ کۆتایی هێنان بە ئازارەکانی ئەم گەلە، کە وەک هەموو گەلانی دیکەی جیهان جگە لەمافە بنەڕەتییەکانی خۆیان بۆ خاک و ناسنامە و ئایندەیەک زیاتر داوای هیچی تر ناکەن.
ئێمە داوا لەکۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکەین کەهەنگاوی جددی بۆ بەرقەرارکردنی ئاسایش و سەقامگیری لەناوچەکەدا بنێن و دەستدرێژییە بەردەوامەکانی قەوارەی زایۆنیستی لەسوریا و لوبنان و پێشتریش لەقەتەر و کۆماری ئیسلامی ئێران ڕابگرن و ڕێگری بکەن لەخلیسکاندنی ڕۆژهەڵاتی ناوەڕاست بۆ جەنگێک کە براوەی تێدا نییە.
عێراق داوای دەستپێکردنەوەی هەوڵە دیپلۆماسییەکانی نێوان کۆماری ئیسلامی ئێران و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، کەدەبێتە هۆی لێکتێگەیشتنێکی دادپەروەرانە، کەمافی گەلی ئێران بۆ ژیانێکی شکۆمەندانە زامن دەکات، .
پشتگیری خۆمان بۆ هەموو هەوڵە نێودەوڵەتییەکان دووپات دەکەینەوە کە ئامانجیان کۆتاییهێنانە بەجەنگی ڕووسیا و ئۆکرانیا کەچوار ساڵە بەردەوامە و سێبەرێکی نەرێنی بەسەر هەموو جیهاندا کێشاوە، جەختیش لەگرنگی چڕکردنەوەی گفتوگۆی نێوان هەردوولا دەکەینەوە بۆ گەیشتن بە یەکلاییکردنەوەیەک کە کۆتایی بەم ململانێیە بهێنێت، هەروەها پشتیوانی لە هەموو دەستپێشخەرییە ئاشتیخوازانە دەکەین کەئامانجیان کۆتاییهێنان بە ململانێکان و بەرقەرارکردنی ئاشتی جیهانییە.
عێراق پابەندبوونی نەگۆڕی خۆی بۆ بنیاتنانی پەیوەندی هاوسەنگ لەگەڵ هەموو گەلان دووپاتدەکاتەوە و جەخت لەپشتیوانی خۆی بۆ دیالۆگ و لێکنزیکبوونەوە دەکاتەوە وەک ڕێگایەکی گونجاو بۆ چارەسەرکردنی ناکۆکییەکان لە ناوچەکە و جیهاندا، بەرژەوەندی هاوبەشی گەلەکانمان زۆر گەورەتر و قووڵترن لە هەموو دابەشبوونێک و ئەو ئاڵنگارییە ئابووری و ژینگەییانەی ئەمڕۆ جیهانەکەمان لەبەردەمدایە، پێویستی بەهاوکاری ڕاستەقینە و هەماهەنگییەکی کاریگەرە لەسەر بنەمای بنەماکانی هاودەنگی و متمانە و بەرپرسیارێتی هاوبەشە کەئامانجی کۆتایی هەموو گەلانمان، ژیانێکی شکۆمەندانەیە کە کەرامەتی مرۆڤ بپارێزێت و خۆشگوزەرانی دەستەبەربکات.
لە کۆتاییدا سوپاس و پێزانینی خۆم بۆ سەرکردایەتی و گەلی تورکمانستانی دۆست بۆ سازدانی ئەم کۆڕبەندە گرنگە دووپات دەکەمەوە، و هیوای سەرکەوتنی و گەیشتن بە ئامانجە بەرزەکانی دەخوازم.
