نوێنەرایەتی یونامی لە عێراق کۆتایی دێت و چوارچێوەیەکی نوێ بۆ هاوکاری لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان پەسەند دەکرێت
حکومەتی عێراق ئەمڕۆ یەکشەممە دووپاتی کردەوە کە جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان لە عێراق، غولام محەمەد ئیسحاق، ڕۆڵی هەماهەنگی نێوان بەغدا و نەتەوە یەکگرتووەکان لە قۆناغی داهاتوودا دەگرێتە ئەستۆ، ئەمەش لە چوارچێوەی میکانیزمێکی نوێی هاوکاری دوای کۆتاییهاتنی ئەرکی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاوکاریکردنی عێراق (یونامی).
"باسم عەوادی"وتەبێژی حکومەت بەپێی ئاژانسی هەواڵی فەرمی کەموتەڵع بەدواداچوونی بۆ کردووە ڕایگەیاند: کۆتایی هاتنی کاری نێردەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ هاریکاریی عێراق (یونامی)، وێستگەیەکی گرنگە لە ڕێڕەوی گەڕاندنەوەی سەروەریی بۆ عێراق.
ئاماژەی بەوەشکرد :نێردەکە لە ساڵی 2003 بەپێی بڕیاری ئەنجوومەنی ئاسایش ژمارە 1500 دامەزراوە، دواتر لە ساڵی 2007 بەپێی بڕیاری 1770 ئەرکەکانی فراوانتر کران.
ڕوونیشیکردەوە : کە ئەرکی سەرەکیی (یونامی) سیاسی بووە، لەگەڵ ڕۆڵی دیکە کە بریتی بوون لە پاڵپشتیکردنی ئاشتەوایی سیاسی و کۆمەڵایەتی و گفتوگۆی هەرێمی، کە ئەمەش دەسەڵاتێکی بەرفراوانی لە کارکردنیدا لە ناوخۆی عێراق پێ بەخشیبوو.
ئەوەشی خستەڕوو : کە ئێستا هەمووان کۆکن لەسەر ئەوەی عێراق گەیشتووەتە قۆناغی پێگەیشتن و هێز، و پێویستە خۆی جڵەوی کارەکان بگرێتە دەست و بڕیارەکانی خۆی بدات و بەبێ چاودێری و سەرپەرشتی کاروباری ناوخۆ و دەرەوەی خۆی بەڕێوە ببات.
"عەوادی " راشیگەیاند : قۆناغی یەکەم دوای کۆتایی هاتنی ئەرکی (یونامی) بریتی دەبێت لە ڕێککەوتن لەسەر پەسەندکردنی میکانیزمێکی نوێ بۆ مامەڵەکردن لەگەڵ نەتەوە یەکگرتووەکان لە ڕێگەی ئەوەی پێی دەوترێت (ڕێکخەری نیشتەجێ).
وتیشی: فراوانبوونی ئەم دواییەی (یونامی) وای کردبوو ژمارەی کارمەندانی لە عێراق بگاتە 648 کارمەند کە نیوەیان عێراقین و ئەوانی دیکە هی نەتەوە یەکگرتووەکان و وڵاتانی دیکەن، ئەمەش لە کارەکەیان کەم ناکاتەوە بەڵکو ڕۆڵێکی زۆر گەورەیان هەبوو و یەکێک بوون لەو کۆڵەکانەی پرۆسەی سیاسیی عێراقی لەسەر بنیاد نرا و هەموو ئەوانەی نوێنەرایەتی نەتەوە یەکگرتووەکانیان دەکرد کەسانی نایاب بوون و لە پاڵ عێراق وەستان و هەوڵیان دا وێنەیەکی ئەرێنی لە زۆرێک لە کۆڕبەندە دەرەکییەکاندا نیشان بدەن و پارەیەکی زۆری نێودەوڵەتییان خەرج کرد.
جەختیشی کردەوە کە "غولام محەمەد ئیسحاق"جێگری نوێنەری تایبەتی سکرتێری گشتیی نەتەوە یەکگرتووەکان، پرۆسەی هەماهەنگی نێوان حکومەتی عێراق و نەتەوە یەکگرتووەکان دەگرێتە ئەستۆ، بە مەرجێک ڕۆڵەکەی تەنها لە لایەنەکانی گەشەپێدان و مرۆییدا کورت بکرێتەوە، بەبێ هیچ ڕۆڵێکی سیاسی.
هەروەک ووتیشی:نەتەوە یەکگرتووەکان دامەزراوەی زۆر لەخۆ دەگرێت کە تایبەتن بە گەشەپێدان،و کاری مرۆیی، ومافەکانی مرۆڤ، و چاودێریکردنی هەڵبژاردنەکان، و پەیوەندی لەگەڵیاندا تەنها لە ڕێگەی (ڕێکخەری نیشتەجێ)وە ڕێک دەخرێت.
ڕوونیشیکردەوە : کە ڕۆڵی سیاسیی نەتەوە یەکگرتووەکان بە فەرمی بە کۆتایی هاتنی ئەرکی (یونامی) لە ماوەی دوو هەفتەی داهاتوودا کۆتایی دێت.
"عەوادی" دووپاتیکردەوە : کە عێراق بووەتە وڵاتێکی ئاسایی و بەشێوەیەکی سروشتی مامەڵە لەگەڵ کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی دەکات، و پێویستی بە ئامۆژگاریی سیاسیی لایەنە دەرەکییەکان نییە،و جەختیشی کردەوە کە هەر مامەڵەیەک دەبێت تەنها لە ڕێگەی حکومەتی عێراقەوە بێت.
ئاشکراشیکرد : کە حکومەت دوو بڕیاری ستراتیژیی داوە، یەکەمیان، کۆتاییهێنان بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە عێراق بەپێی بەرنامەیەکی کاتیی ڕاگەیەندراو، کە لە ئەیلوولی 2026 پاشەکشەکە تەواو دەبێت، و دووەمیان، کۆتاییهێنان بە ئەرکی نێردەی (یونامی)، کە پشتیوانییەکی گرنگی پێشکەش بە عێراق کرد، تەئکیدی کردەوە کە کاتی ئەوە هاتووە سەروەریی تەواو بەدەست بهێنرێتەوە، و حکومەت بەردەوام کاری کردووە بۆ کۆتاییهێنان بە ئەرکی ئەم نێردەیە.
