دێمبڵی خەڵاتی زە بێستی باشترین یاریزانی جیهانی پێبەخشرا
عوسمان دێمبڵی لەلایەن فیفاوە بەباشترین یاریزانی جیهان دیاریکرا و خەڵاتی زە بێستی بردەوە.
لە شاری دەوحەی پایتەختی قەتەر، مەراسیمی خەڵاتەکانی زە بێست بەڕێوەچوو، تێیدا 11 یاریزانی جیاواز کێبڕکێیان دەکرد بۆ بردنەوەی خەڵاتی باشترین یاریزان کە بە گرنگترین خەڵاتی مەراسیمەکە دادەنرێت.
یاریزانە کێبڕکێکارەکان بریتیبوون لە، دێمبڵی و ڤیتینیا و حەکیمی و نونۆ مێندێش لە پاریس سان جێرمان، هەروەها، رافینیا و لامین یاماڵ و پێدری لە بەرشەلۆنە، لەگەڵ یاریزانان، مباپی و محەمەد سەڵاح و هاری کەین و کۆڵ پاڵمەر.
لە کۆتایدا عوسمان دێمبڵی فەڕەنسی و یاریزانی یانەی پاریس سان جێرمان، خەڵاتی باشترین یاریزانی پێبەخشرا، ئەستێرەکە لەگەڵ یانەکەی بووە پاڵەوانی خول و جام و جامی سوپەری فەڕەنسا، لەگەڵ پاڵەوانی چامپیۆنز لیگ و جامی سوپەری ئەوروپا، وە رۆڵێکی بەرچاوی بینی لە بردنەوەی سەرجەم نازناوەکان.
بردنەوەی ئەم خەڵاتە پاش چەند مانگێک دێت لەدوای بردنەوەی خەڵاتی باڵۆن دۆری باشترین یاریزانی جیهان.
کریستیانۆ رۆناڵدۆی پورتوگالی یەکەم کەس بوو کە خەڵاتی زە بێستی لە ژێر ناوی نوێیدا بەدەستهێنا وە تا ئێستاش دوو خەڵاتی زە بێستی بەدەستهێناوە بە هاوشانی لەگەڵ لیڤاندۆڤسکی لەدوای لیۆنێل مێسییەوە دێت کە خاوەنی سێ خەڵاتە.
