ئەمڕۆ یەکشەممە گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر کورسییەکەی لە کۆمەڵەی عەرەبی پەسەند کرا
لە کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی وڵاتانی عەرەبی ئەمڕۆ یەکشەممە، گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر کورسییەکەی لە کۆمەڵەی عەرەبی پەسەند کرا.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەحمەد ئەلساحف لە بەیاننامەیەکدا وتی، "کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی هاوڕایە لەسەر گەڕانەوەی سوریا بۆ سەر کورسییەکەی لە کۆمەڵەی عەرەبیدا". سەرچاوە میدیاییەکان ڕۆژی یەکشەممە لە ڕەشنووسی بڕیارێکی کۆمەڵەی عەرەبی سەبارەت بە سوریا ئاماژەیان بەوە کردووە کە کۆمەڵەی عەرەبی داوای جەختکردنەوە لە پێویستی گرتنەبەری هەنگاوی کرداری و کاریگەر دەکات بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا.
لە پڕۆژە یاساکەدا ئاماژە بەوە دەکرێت کە "جەخت لە توندی لەسەر ئاسایش و سەقامگیری و سەروەری و یەکپارچەیی خاکی سوریا دەکەینەوە، هەروەها پەرۆشی بۆ دەستپێکردنی ڕۆڵێکی پێشەنگی عەرەبی لە هەوڵەکان بۆ چارەسەرکردنی قەیرانی سوریا کە هەموو دەرئەنجامەکانی چارەسەر دەکات"، لە پرۆژە بڕیارەکەدا جەختکراوەتەوە لەسەر "گرنگی بەردەوامبوون و چڕکردنەوەی هەوڵە عەرەبییەکان بە ئامانجی یارمەتیدانی سوریا بۆ دەربازبوون لە قەیرانەکانی".
ئەمڕۆ کۆبوونەوەی وەزیرانی دەرەوەی عەرەبی لە قاهیرە بەڕێوەچوو بە سەرۆکایەتی وەزیری دەرەوەی میسر سامح شوکری سەبارەت بە دۆخی سوریا و سودان.
