پۆلیسی سلێمانی کەسێکی دەستگیرکرد بە تۆمەتی دزینی 300 ملیۆن دینار
پۆلیسی سلێمانی لە ڕاگەیەندراوێکدا ڕایگەیاند کە کەسێکیان دەستگیرکرد بەتۆمەتی دزینی 300 ملیۆن دینار وە هەندێ ئاڵتون
دەقی ڕاگەیاندراوەکەی پۆلیسی سلێمانی: “مەفرەزەكانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی سلێمانی بەهاوكاری مەفرەزەکانی نەهێشتنی تاوانی هەولێر تۆمەتبارێكیان دەستگیركرد كەبڕی 300 ملیۆن دینارو بڕێك ئاڵتون و كەرەستەی گرانبەهای دزیبوو”.
لە ڕاگەیەندراوەکەدا هاتووە، “دوای ئەوەی هاوڵاتییەك سكاڵای تۆماركرد كە پارەو ئاڵتونی لێدزراوە، بەڕێوەبەری پۆلیسی پارێزگای سلێمانی بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوانی ڕاسپارد كە بەدواداچوونی بەپەلەو جددی بكەن بۆ دۆزینەوەو دەستگیركردنی تۆمەتبار، سەرەنجام دوای لێكۆڵینەوە و بەدواداچون و كۆكردنەوەی زانیاری لەلایەن بەشی پۆلیسی نەهێشتنی تاوان نوسینگەی ڕۆژئاوا توانرا لەماوەیەكی كەمداو بەهاوكاری نەهێشتنی تاوانی هەولێر تۆمەتبار بدۆزرێتەوەو لەشاری هەولێر دەستگیربكرێت".
لەكاتی دەستگیركردنیشیدا دەستگیراوە بەسەربڕی 300 ملیۆن دینارو بڕێك ئاڵتون و چەند پارچە كەرەسەتەیەكی گرانبەهادا.
لەئێستادا تۆمەتبار (د، ك، م) لەدایكبووی 1997 بەبڕیاری دادوەر بەپێی ماددەی 443 ڕاگیراوە و دانی بەتاوانەكەیدا ناوە.
