وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ مقداد ڕۆژی شەممە دەگاتە بەغدا بە سەردانێکی فەرمی
بەگوێرەی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئەحمەد ئەلساحف، وەزیری دەرەوەی سوریا فەیسەڵ مقداد ڕۆژی شەممە دەگاتە بەغدا.
سەحاف لە بەیاننامەیەکدا بۆ ئاژانسی هەواڵی عێراق ڕایگەیاند، مقداد ئەمشەو دەگاتە بەغدا بۆ دەستپێکردنی بەرنامەی سەردانیەکەی بەیانی یەکشەممە.
وەزیری دەرەوەی سوریا لەگەڵ هاوتا عێراقیەکەی فوئاد حوسێن کۆدەبێتەوە، هەروەها لەگەڵ هەرسێ سەرۆکایەتیی (کۆمار و حکومەت و پەرلەمان) و سەرۆکی ئەنجومەنی باڵای دادوەری کۆدەبێتەوە.
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی عێراق ئاماژەی بەوەدا سەردانەکە تیشک دەخاتە سەر پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان بەغدا و دیمەشق و ڕۆڵی عێراق لە گەڕاندنەوەی سوریا بۆ شوێنی خۆی لە کۆمەڵەی عەرەبیدا.
هەروەها هەردوو وەزیرەکە گفتوگۆ لەسەر چۆنیەتی بەرەوپێشبردنی پەیوەندییەکان دەکەن بۆ ئەوەی لەگەڵ بەرژەوەندییەکانی هەردوو گەلی دراوسێدا بگونجێت.
