یانەی نەسری سعودی گرێبەستێکی گەورە بۆ هێرشبەری یانەی چێڵسی ئامادە دەکات
یانەی نەسری سعودی هەوڵدەدات ئەستێرەی هەڵبژاردەی مەغریب حەکیم زیاچ، یاریزانی یانەی چێڵسی ئینگلیزی ڕازیبکات بۆ ئەوەی لەم هاوینەدا واژۆ لەگەڵ یانەکەدا بکات.
زیاچ تەمەن 30 ساڵ گرێبەستەکەی تا ساڵی 2025 لەگەڵ یانەی چێڵسی هەیە، بەڵام یاریزانە مەغریبیەکە دەیەوێت یانەکەی جێبهێڵێت و یانە ئینگلیزییەکە دەتوانێت ڕێگەی پێبدات ئەگەر پێشنیارێکی گونجاوی پێبدرێت.
بەگوێرەی ڕۆژنامەوانی وەرزشی بێن جاکۆبس، پەیامنێری سی بی ئێس سپۆرتس، "یانەی ئەلنەسر پێشنیارێکی سەرنجڕاکێش ئامادە دەکات بۆ گواستنەوەی زیاچ".
جاکۆبس لە هەژماری خۆی لە تویتەر نوسیویەتی، ئەلنەسر مووچەیەکی ساڵانەی 30 ملیۆن یۆرۆ پێشکەش بە زیاچ دەکات ئەگەر گرێبەستەکە بە سەرکەوتوویی تەواو بکرێت.
جاکۆبس ڕوونیکردەوە کە جگە لەو مووچە جێگیرە، یانەی سعودی بۆنس و هاندەری دارایی دیکە تەرخان دەکات بۆ ئەستێرە مەغریبیەکە ئەگەر ڕازیبێت.
