سەرۆکی گروپی سەربازی ڤاگنەری ڕوسی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی هێزەکانی ڕوسیا دا
سەرۆکی گروپی سەربازی ڤاگنەری ڕوسی "یێڤگینی پریگژۆن" ڕۆژی هەینی بەڵێنی تۆڵەسەندنەوەی لە دژی هێزەکانی ڕوسیا دا دوای ئەوەی سوپای ڕوسیای تۆمەتبارکرد بە بۆردومانکردنی کەمپەکانی سەربازەکانی.
فەرماندەی ڤاگنەر وتی، "بۆردومانەکانی سوپای ڕوسیا ژمارەیەکی زۆر لە سەربازەکانمانی کوشتووە و داوای لە سوپای ڕوسیا کرد ڕووبەڕووی هێزەکانی نەبنەوە".
هەروەها فەرماندەی ڤاگنەر وەزیری بەرگری ڕوسیای تۆمەتبار کرد بەوەی فەرمانی بۆردومانکردنی هێزەکانی داوە.
فەرماندەی ڤاگنەر داوای لە ڕووسییەکان کرد بەتایبەتی ئەندامانی سوپا بچنە ڕیزی چەکدارەکانیەوە.
پریگژۆن لە پەیامێکی دەنگیدا وتی، "25 هەزار ئەنداممان هەیە و ئەنجامی ئاژاوە لە وڵاتەکەماندا دیاریدەکەین"، وتیشی، پێشوازی لە هەموو ئەوانە دەکەین کە دەیانەوێت بەشداربن لە گروپەکەمان و لەگەڵمان بن بۆ کۆتایی هێنان بە ئاژاوەکە.
لە یەکەم لێدوانیدا سەبارەت بە لێدوانەکانی فەرماندەی ڤاگنەر، وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ئەو ڕاپۆرتانەی ڕەتکردەوە کە دەڵێن هێزەکانی هێرشیان کردووەتە سەر شوێنەکانی گروپی ڤاگنەر.
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕۆژی هەینی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند ئەو زانیارییانەی لە تۆڕە کۆمەڵایەتییەکاندا بڵاوبوونەتەوە سەبارەت بە هێرشێکی گومانلێکراوی وەزارەتی بەرگری بۆ سەر کەمپەکانی دواوەی کۆمپانیای "ڤاگنەر" هاندانی میدیایە.
سەرۆکی گروپی ڤاگنەری ڕوسی، "یێڤگینی پریگژۆن" ڕۆژی هەینی ڕاشیگەیاند، پاساوی کرێملن بۆ داگیرکردنی ئۆکراینا لەسەر بنەمای درۆیەک بووە کە لەلایەن بەرهەڵستکارانیەوە دروستکراوە کە ماوەیەکی زۆرە لە فەرماندەیی سوپادان.
هەر لەم بارەیەوە، فەرماندەیی گروپی ڤاگنەر لە کۆتا لێدوانیدا ڕایگەیاند کە هێزەکانی بەرەوە خاکی ڕوسیا و بۆ مۆسکۆی پایتەخت بەڕێدەکەون و هەر هێزێک ڕووبەڕوویان ببتەوە ئەوانیش ڕووبەڕوویان دەبنەوە.
