لە تاران هێرشکرایە سەر ماڵی ڕۆژنامەنوسێکی کوردی ڕۆژهەڵاتی کوردستان
تۆڕی مافەکانی مرۆڤی کوردستان ڕایگەیاند کە ئەمڕۆ سێشەممە، هێزە ئەمنییەکانی ئێران هێرشیان کردووەتە سەر ماڵی نازیلا مەعرووفیان، ڕۆژنامەوانی کوردی خەڵکی سەقزی ڕۆژهەڵاتی کوردستان و دانیشتووی تاران و دەستیان گرتووە بەسەر هەندێ لە کەلوپەلە تایبەتیەکانی و لەوانە مۆبایل و لەبتۆبەکەیدا.
نازیلا بە بڵاوکردنەوەی ئەم هەواڵە لە ئەکاونتی تایبەتی خۆی لە تویتەر ڕایگەیاندووە کە هێزە ئەمنییەکان هێرشیان کردە سەر ماڵەکەی، هەروەها داوایان لێ کردووە ڕۆژی شەممەی داهاتوو سەردانی دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین بکات.
پێشتر نازیلا مەعرووفیان لەبەر بڵاوکردنەوەی وتووێژەکانی لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا لە سایتی "مستەقل ئۆنلاین" دەستووری دادسەرای ئەمنییەتی ناو زیندانی ئێڤین دەستبەسەر کرا و بە درێژایی ماوەی لێپرسینەوەکان لە دەستبەسەرگەدا، لە لایەن لێپرسەوە ئەمنییەکانەوە بۆ وەرگرتنی دانپیانانی زۆرەملێ خرابووە ژێر گوشار و هەڕەشەی قورس و فراوانەوە.
ئەم ڕۆژنامەوانە هەر لەبەر ئەم گوشارانە دوو جار جەڵدەی سووکی دڵی کرد و سەرەڕای هەناردنی بۆ نەخۆشخانەی موفەتیحی شاری ڕەی، بەڵام بەبێ تەواوکردنی قۆناغەکانی دەرمان گەڕاندبوویانەوە بۆ ناو زیندان. دواجار بە دانانی بارمتەی ٦٠٠ میلیۆن تمەنی بە شێوەی کاتی لە زیندانی قەرچەک ئازاد کرا.
نازیلا مەعرووفیان لە ساڵی ڕابردوودا لە لایەن لقی 26ی دادگای شۆڕشی ئیسلامیی تارانەوە بە تۆمەتی "بانگەشەی دژ بە حکوومەت" و "بڵاوکردنەوەی بابەتی درۆ بە مەبەستی تێکدانی ڕای گشتی" لە ڕێگای بڵاوکردنەوەی وتووێژەوە لەگەڵ باوکی ژینا ئەمینیدا، سزای دوو ساڵ بەندکران و 15 میلیۆن تمەن سەرپێچی و پێنج ساڵ قەدەغەبوونی چوونەدەرەوە لە ئێرانی بەسەردا سەپا.
