دەستگیرکردنی پێنج کەس بەتۆمەتی هەڕەشەکردن و بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدۆی نەشیاوی هاوڵاتیان
ئەمڕۆ پێنجشەممە، بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی گشتیی هەولێر دەستگیرکردنی پێنج کەسی ڕاگەیاند بەتۆمەتی بڵاوکردنەوەی گرتەڤیدۆی نەشیاوی هاوڵاتیان.
لە ڕاگەیەندراوەکەی ئاسایشی هەولێر هاتووە، "لەلایەن هێزەکانی سەر بە بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی هەولێر توانرا پێنج تۆمەتبار دەستگیر بکرێن کە بەڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان بەتایبەت تیکتۆک و تیلیگرام و فەیسبووک هەڵساون بە تۆمار کردن و بڵاوکردنەوەی گرتە ڤیدۆی نەشیاوی چەند هاوڵاتیەک لەهەر دوو ڕەگەز، لەبەرامبەر بڵاونەکردنەوەی گرتەڤیدۆی نەشیاوی هەرکەسێک داوای بڕێک پارەیان کردوە"
هاتووەش،"تۆمەتباران بەڕێگای فەیسبووک هەڵساون خۆیان لەخەڵکانی بەتەمەن کردووە بە ئافرەت و سەرنجیان ڕاکێشاون و گرتە ڤیدۆی نەشیاویان تۆمار کردوە و بەو هۆیەشەوە توانیویانە بڕێکی زۆر پارە وەربگرن".
داوا لە هاوڵاتیانی خۆشەویست دەکەین، خۆیان بەدووربگرن لەو پەیوەندیانەی کە بە ڕێگای تۆڕە کۆمەڵایەتیەکان دروستیان کردوە و متمانە بە هەموو کەسێک نەکەن تاکو نەبنە قوربانی و گیرۆدەی ئەم حاڵەتانە.
