دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینا بەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشیان کردە سەر مۆسکۆ
وەزارەتی بەرگری ڕوسیا ڕایگەیاند دوو فڕۆکەی بێفڕۆکەوانی ئۆکراینا بەیانی ڕۆژی دووشەممە هێرشیان کردە سەر مۆسکۆ بەڵام بەرگری ئاسمانی ڕێگرییان لێکرد و تێکشکێنران.
ئاژانسەکانی هەواڵی فەرمی دەڵێن پاشماوەی فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە دووری دوو کیلۆمەتر لە باڵەخانەکانی وەزارەت تێکشکێنران و کەوتنە خوارەوە.
وەزارەتی بەرگری، کە هێرشەکەی بە "تیرۆریست" ناوبرد، لە تیلیگرام ڕایگەیاند کە هیچ قوربانییەک لە هێرشەکەدا نەبووە.
سەرۆکی شارەوانی مۆسکۆ سێرگی سۆبیانین لە تیلیگرام ڕایگەیاند، "دوو باڵەخانەی نیشتەجێبوون زیانیان بەرکەوتووە لە کاتی هێرشەکەدا کە نزیکەی کاتژمێر چواری بەیانی ڕوویدا". ڕاشیگەیاند کە هێشتا ڕوون نییە کە ئایا فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کاتی تێکشکاندنیان کەوتە سەر باڵەخانەکان یاخود ئامانجی فڕۆکەکان باڵەخانەکان بووە.
تا ئێستا وەزارەتی بەرگری و سەرۆکی شارەوانی ئاماژەیان بەوە نەکردووە کە فڕۆکە بێفڕۆکەوانەکان لە کوێ تێکشکێنران.
ئاژانسەکانی هەواڵی ڕوسیا بە ئاماژەدان بە خزمەتگوزارییەکانی فریاکەوتن ڕایانگەیاند پارچە فڕۆکەیەکی بێفڕۆکەوان لە نزیک باڵەخانەیەک لە شەقامی کۆمسۆمۆلسکی دۆزراوەتەوە کە دوور نییە لە وەزارەتی بەرگری ڕوسیا.
ئاژانسەکانی هەواڵ ڕایانگەیاند کە هاتووچۆ لە شەقامی کۆمسۆمۆلسکی و هەروەها لە شەقامی لیخاچێڤ لە باشوری مۆسکۆ داخران، کە باڵەخانەیەک تێدا زیانی زۆری پێگەیشتووە.
هیچ لێدوانێکی دەستبەجێ لەلایەن ئۆکرایناوە نەبووە. ئۆکراینا هەرگیز بەرپرسیارێتی هێرشەکانی ناو ڕوسیا و ناوچەکانی ژێر کۆنترۆڵی ڕوسیا لە ئۆکراینا ڕانەگەیاندووە، بەڵام لەم چەند مانگەی دواییدا گوتی وێرانکردنی ژێرخانە سەربازییەکانی ڕوسیا یارمەتی هێرشەکانی ئۆکراینا دەدات.
