سودانى سەرۆکایەتی کۆبونەوەی لێژنەی باڵای جێبەجێکردنی ڕێگەی گەشەپێدان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانى ئەمڕۆ یەکشەممە سەرۆکایەتی کۆبوونەوەی دووەمی لیژنەی باڵای جێبەجێکردنی پرۆژەی ڕێگای گەشەپێدانی کرد.
لە کۆبوونەوەکەدا دوایین هەنگاوەکانی بەرەوپێشبردنی پڕۆژەکە لەلایەن دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکانەوە خرایەڕوو و هەریەکەیان و بەپێی بەرپرسیارێتی خۆی کاری لەسەر کرد، هەروەها بەدواداچوونیان کرد لەسەر پێشکەوتنی ئەو ڕێوشوێنانەی کە گیراونەتە بەر لەگەڵ ئەو وڵاتانەی کە دەیانەوێت بەشداری بکەن لە پڕۆژەکە.
لە کۆبوونەوەکەدا سودانی فەرمانی کرد بە بەشداریکردنی فەرمانگەی ڕێگاوبان لە وەزارەتی ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن و شارەوانییەکان و کارە گشتییەکان لە پرۆسەی سەرپەرشتیکردنی ڕێڕەوەی ڕێگاکە، هەروەها کردنەوەی چەند بەشێکی تایبەتمەند لە وەزارەتەکانی گواستنەوە و ئاوەدانکردنەوە و نیشتەجێکردن بۆ دابینکردنی کارمەندی تایبەت بۆ بەشداریکردن لە بەدواداچوون و جێبەجێکردنی برۆژەکە.
سەرۆک وەزیرانی عێراق جەختی کردەوە لەسەر پێویستی چارەسەرکردنی ئەوە بەربەستانەی کە دێنە بەردەم ئەو پڕۆژانەوە کە کاریان تێدا دەگرێت و هەماهەنگییەکی ورد بکرێت لەم بوارەدا.
لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دامەزراندنی ڕاوێژکارێ ئابووری کرا بۆ پڕۆژەکە و پەیوەندیکردن بەو کۆمپانیا نێودەوڵەتیانەوە کە تایبەتمەندن بە پڕۆژە لاوەکی و پڕۆژەکانی شاری پیشەسازییەوە، هەروەها خستنەڕووی پێشنیارەکانی بانکی ناوەندی سەبارەت بە قۆناغەکانی جێبەجێکردن و دۆسیەکانی وەبەرهێنان.
