مەسعود بارزانی سەرپەرشتی هاوپەیمانێتییەکی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان دەکات
پەرلەمانتارێکی ئێزیدی: بارزانی سەرپەرشتی هاوپەیمانێتییەکی کوردی لە ناوچە دابڕاوەکان بۆ هەڵبژاردنەکان دەکات.
مەحما خەلیل، پەرلەمانتاری ئێزیدی و ئەندامی پارتی دیموکراتی کوردستان، ئەمڕۆ دووشەممە دووپاتیکردەوە کە مەسعود بارزانی سەرۆکی پارتی دیموکراتی کوردستان، هەوڵدەدات کێشەکانی نێوان لایەنە سیاسییە کوردییەکان یەکلابکاتەوە ورێککەوتن بکات لەسەر دامەزراندنی لیستێکی یەکگرتووی هەڵبژاردنەکان لە ناوچەکانی ماددەی 140.
مەحما خەلیل لە لێدوانێکی تایبەتدا بۆ ئاژانسی "موتەڵع"ی گووت: "کێشەکانی نێوان پارتی و یەکێتیی لەم دواییانەدا فراوانتر بووە و مەسعود بارزانی هەوڵدەدات لایەنە سیاسییەکان کۆبکاتەوە و کێشەکان چارەسەر بکات و دیدارەکانی ئەم دواییەی نێوان سەرکردەکانی هەردوو حیزب بۆ نزیک بونەوەی دیدو بۆچوونەکانە".
مەحما خەلیل بۆ ئاژانسی "موتەڵع"ی ڕوونکردنەوە کە "فشاری ناوخۆیی لە هەرێم هەیە بۆ ئەوەی تێڕوانینێکی یەکگرتوو بهێنێتە دی بۆ پاراستنی دەستکەوتەکان و ئاڕاستەکردنی پەیامێک کە ماڵی کوردی ئارەزووی پاراستنی مافە دەستوورییەکانی ناوچەکانی ماددەی 140ە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "بڕیار دراوە لیستێکی یەکگرتووی هەڵبژاردن بۆ کوردەکان دروست بکرێت، بەتایبەتی لە کەرکوک و نەینەوا و ئەو ناوچانەی کە زۆرینەی کوردی تێدایە و لە چوارچێوەی ماددەی 140دایە".
