شارەوانی شاری نیویۆرک داوا لە پەنابەران دەکات کە بچنە شارەکانی تری ئەمریکا
سەرۆکی شارەوانی ویلایەتی نیویۆرک، ئێریک ئادامز ڕایگەیاند کە شارەکە چیتر ناتوانێت کۆچبەران وەربگرێت بەهۆی لێشاوی زۆری هاتنی کۆچبەران کە گەیشتە 90 هەزار کۆچبەرەوە لە مانگی چواری ساڵی ڕابردوو تا ئێستا، ئەم لێشاوە گەورەیە بووە هۆی زیادبوونی فشار لەسەر خزمەتگوزارییە گشتییەکان و خراپبوونی ژێرخان و کاریگەری نەرێنی لەسەر شێوازی ژیانی شارەکە.
دوای ئەم دۆخە، دەسەڵاتدارانی شاری نیویۆرک هەنگاوی نوێیان گرتەبەر بۆ ڕاگرتنی ئەو پەنابەرانە کە دەگەنە ئەمەریکا بۆ چونیان بۆ شاری نیویۆرک، دەسەڵاتدارانی شاری نیویۆرک پەڕیان لە سنووری ئەمەریکا لەگەڵ مەکسیک بە زمانی ئینگلیزی و ئیسپانی بڵاوکردەوە بۆ ئاگادارکردنەوەی ئەو کەسانەی داوای مافی پەنابەرێتی دەکەن لە سەختی ژیان لە نیویۆرک، ئەم پۆستانە ئاماژە بەوە دەکەن کە نرخی کرێ لە شارەکە زۆر بەرزە و تێچووی ژیان و گواستنەوە و کەلوپەلی پێویست لە شارەکە بە بەرزترین ویلایەت دادەنرێت بەرامبەر ویلایەت و شارەکانی تری ئەمریکا.
لەلایەکی ترەوە، نوسراوەکانی ئەم پەڕانە ئاماژە بەوە دەکەن کە هیچ دڵنیاییەک نییە کە شارەکە بتوانێت پەناگە و خزمەتگوزاری پێشکەش بە پەنابەران بکات، هەروەها ئەم پەڕانە هاندانی ئەو پەنابەرانە دەدات کە بیر لە مافی پەنابەری بکەنەوە لە شارەکانی دیکەی ویلایەتە یەکگرتووەکان کە لەوانەیە بارودۆخەکە باشتر بێت بۆیان بۆ نیشتەجێبوون و هەلی باشتریان هەبێت لە ژیانیاندا.
