داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات
داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات.
سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی بە پشتبەستن بە بڕیارێکی ئاسایشی هەولێر و ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆ، داوای رادەستکردنی وەهاب هەڵەبجەیی بە دادگا دەکات، هۆشداریش دەدات ئەگەر داواکراوان رادەستی یاسا نەکرێن حاڵەتەکانی تیرۆر و تۆقاندن زیاد دەکەن.
رۆژی چوارشەممە (2023/8/9)، سەرۆکایەتیی داواکاری گشتیی هەرێمی کوردستان راگەیێندراوێکی لەبارەی بارودۆخی ئەمنیی شاری سلێمانی بڵاوکردووە و تێیدا هاتووە، "بەداخەوە ماوەیەکە لە سنووری دەڤەری سلێمانی، بەکارهێنانی دامەزراوە ئەمنییەکان بۆ یەکلاکردنەوەی کێشە و ناکۆکییە ناوخۆیی، حیزبی و کەسییەکان، رۆژ بە رۆژ ڕوو لەزیادبوونە، لەکاتێکدا پێویستە دەزگا ئەمنییەکان کە دەزگای فەرمی حکومەتن، ئەرکیان پاراستنی ئارامی و ئاسایشی نیشتمان و سەر و ماڵی هاووڵاتییان و پارێزگاریکردن لە دۆخی پێکەوەژیان و ئاسایش و ئاشتیی کۆمەڵایەتی بێت".
لە راگەیێندراوەکەی داواکاری گشتیدا هاتووەش، "نابێت هیچ دەزگایەکی ئەمنی ببێتە دەزگایەکی کەسی، لەو روانگەیەوە رایدەگەیێنین؛ هەندێک تۆمەتباری داواکراو لەلایەن دادگاوە هەن، پێویستە رادەستی یاسا بکرێن و لەبەردەم دادوەردا ئامادەبن تاوەکو دادگا رێکاری یاسایی خۆی بەرامبەریان بگرێتەبەر".
داواکاری گشتی ڕوونیکردەوەش، "بە پێچەوانەوە، ئامادەنەبوون لەبەردەم دادوەر و پشتگوێخستنی داواکاری دادگا و رادەستنەکردنی داواکراوان بە یاسا، دەرفەتی زیاتر دەداتە ئەو تۆمەتبارانە کە پەنا بۆ کردەوەی قێزەونی دیکە ببەن و حاڵەتەکانی تیرۆر، کوشتن، رفاندن و تۆقاندنیش لەسەر دەستیان روو لە زیادبوون بکات و کۆمەڵگە بە گشتی لە ترس و دڵەڕاوکێ نائارامیدا بێت".
لە نووسراوێکدا ئەنجوومەنی وەزیرانی ناوخۆی عەرەب دەڵێت، بەڵگەنامەی یاسایی بۆ راگرتنی وەهاب هەڵەبجەیی، بڕیارێکی ئاسایشی هەولێرە، کە رۆژی 2022/10/11 دەریکردووە.
نووسراوی دووەم، کە داواکاری گشتی بڵاویکردووەتەوە بڕیارێکی ئاسایشی هەولێرە، کە رۆژی 11ـی تشرینی یەکەمی 2022 دەرکراوە و داوای دەستگیرکردنی وەهاب هەڵەبجەیی دەکات و تێیدا هاتووە: "داوا لەسەرجەم ئەندامانی دادوەری و پۆلیس دەکەین وەهاب هەڵەبجەیی دەستگیربکەن، بەمەبەستی وەڵامدانەوەی سەرجەم ئەو تۆمەتانەی ئاڕاستەی کراون".
