مەسرور بارزانی پێشوازی لە کونسولی گشتی کۆریای باشوور کرد بۆ ماڵئاوایی
سەرۆکی حکومەتی هەرێم پێشوازی لە کونسولی گشتی کۆریای باشوور دەکات.
ئەمرۆ شەممە (9ـی ئەیلولی 2023)، مەسرور بارزانی سەرۆکی حکومەتی کاربەڕێکەری هەرێمی كوردستان، پێشوازی لە چۆ کیجۆنگ کۆنسولی گشتیی کۆماری کۆریا لە هەرێمی کوردستان کرد کە بۆ ماڵئاوایی و بەبۆنەی کۆتایهاتنی ئەرکەکەی لە هەرێمی کوردستان.
بەپێی ڕاگەیەندراوێکی حکومەتی هەرێم هاتووە، "لە دیدارەکەدا سەرۆکی حکومەت وێڕای ئاماژەدان بە پەیوەندیی مێژوویی و دۆستانەی نێوان هەرێمی کوردستان و کۆریا، سوپاسی کونسولی گشتیی کۆریای کرد بۆ كار و چالاکییەکانی لە پێناو پەرەپێدانی پەیوەندیی دوولایەنە و هیوای سەركەوتنی بۆ خواست لە ئەرک و کاری داهاتوویدا".
لەلایەن خۆیەوە، کونسولی گشتیی کۆریا، پێزانیی خۆی بۆ هاریکاری و هەماهەنگیی دامەزراوەکانی هەرێمی کوردستان لەگەڵ کونسوڵخانەی وڵاتەکەی دەربڕی و ئامادەییشی نیشاندا بۆ زیاتر برەودان بە پەیوەندی نێوان کۆریا و هەرێمی کوردستان.
