تۆمەتباری کوشتنی سێ هاوڵاتییەکی قەڵادزێ لە سنووری هەولێر دەستگیر کرا
بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین و بەڕێوەبەرایەتی ئاسایشی ڕاپەڕین لەسەر دەستگیرکردنی بکوژی سەرەکی سێ هاوڵاتییەکی قەڵادزێ ڕایانگەیاند، "دوای ئەوەی لە شەوی پێنج شەممە بەرواری 2023/9/7 لە قەڵادزێ سێ کەس لە یەک کات و شوێن کوژران، دەست بەجێ بەهاوبەشی هێزەکانی بەڕێوەبەرایەتی پۆلیسی ڕاپەڕین بەشی پشدەر دەست کرا بە ڕێکاری یاسای بۆ ئەوەش لێکۆڵینەوە دەستی پێکرد و زانیاری ورد و دروست لە ڕوداوی کوشتنەکە کۆکرایەوە، بۆ ئەو مەبەستە بڕیاری دادوەر بەدەست هات بۆ بەدواداچوون و دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار و دەستگیر کردنی بەپێی ماددەی 405 لە یاسای سزادان"،هەروەها لەدوای کۆکردنەوەی زانیاری ورد و بەدواداچوونی هێزە هاوبەشەکانی پۆلیس و ئاسایش لە سنوری ڕاپەڕین بۆ دۆزینەوەی تۆمەتباری نادیار، بەسود وەرگرتن لە کامێراکانی چاودێری کردن لە ئەنجامدا توانرا ناسنامەی تۆمەتبار ئاشکرا بکرێت.
هاتووەش، دوای ئەوەی کە بکەری سەرەکی کوشتنی سێ کەسەکەی قەڵادزێ ناسنامەی ئاشکرا کرا، بۆ ئەو مەبەستە شوێنی تۆمەتبارەکەش دۆزرایەوە و کە بەپێی زانیاریەکان دەرکەوت تۆمەتبار لەکاتی ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە ڕای کردووە بۆ دەروەی سنوری ئیدارەی ڕاپەڕین، زانیاریەکان دەریانخست تۆمەتباری سەرەکی دوای ئەنجامدانی تاوانی کوشتنەکە ڕای کردووە بۆ سنوری کۆڕێ سەربە قەزای شەقڵاوە لە ماڵێک خۆی حەشار داوە، بۆ ئەو مەبەستەش لەلایەن بەڕێوەبەری پۆلیسی ڕاپەڕین زانیاری تەواو و دروست لەسەر ناوی سیانی تۆمەتبارەکە و شوێنی تۆمەتبارەکە و ئەو ماڵەی تۆمەتبار خۆی تیادا حەشار دابوو درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم و هەریەک لە بەڕێوەبەری پۆلیسی هەولێر و بەڕێوەبەری گشتی جوڵانەوە و تاوانی پۆلیسی گشتی هەرێم.
بۆ مەبەستی دەستگیر کردنی تۆمەتباری سەرەکی بکوژی 3 کەسەکەی قەڵادزێ دوای ئەوەی زانیاری ورد لەسەر ناسنامەی تۆمەتبار و شوێنی خۆ حەشاردانەکەی درا بە بەڕێوەبەرایەتی گشتی پۆلیسی هەرێم، لەلایەن پۆلیسی کۆڕی و ئاسایشی سنورەکە تواندرا تۆمەتبار دەستگیر بکرێت.
