حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕێککەوتن لەسەر دانانی چەکەکانیان
ئۆپۆزسیۆنی ئێران لە کوردستان لەبارەی داماڵێنی چەک وجێهێشتنی سنوور رەزامەندیی خۆی بۆ حکومەتی هەرێم دووپاتدەکاتەوە.
سەرچاوەیەکی سیاسی له هەرێمی کوردستان، ئەمڕۆ شەممه (16ـی ئەیلولی 2023) ئاشکرای کرد که حیزبە ڕۆژهەڵاتییەکان ڕێککەوتبوون لەسەر ئەوەی سنووری نێوان ئێران و هەرێم جێبهێڵن و چەك ڕادەست بكەن.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی هەواڵی (موتەڵع)ـی ڕاگەیاند: "حکومەتی هەرێمی کوردستان دەستی بە کار و ڕێوشوێن کردووە بۆ بێلایەنکردنی لایەنە ئۆپۆزسیۆنەکانی ئێران کە لە هەرێمی کوردستان لەسەر سنووری ئێران بوونیان هەیە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "لایەنەکانی ئۆپۆزسیۆن ڕازیبوون بە گواستنەوەیان بۆ کەمپەكان لە پارێزگاکانی هەولێر و سلێمانی".
وتیشی: "قسەکردن لەسەر ڕەتکردنەوەی ئۆپۆزسیۆن بۆ ڕازیبوون بە مەرجەکانی ڕێککەوتنی ئاسایشی نێوان ئێران و عێراق و پەنادانیان بۆ بژاردەی چەکداری، دووره لەڕاستیەوە"، سەرچاوەکە باسی لەوەش كرد، "ڕەزامەندی تەواو هەیە لەلایەن حیزبە کوردییە ڕۆژهەڵاتییەکان بۆ ئەو ڕێوشوێنانەی حکومەتی هەرێم دەیگرێتەبەر".
