وەزیری بەرگری عێراق رایدەگەیەنێت كه ئۆپۆزسیۆنی ئێران چەککراون
وەزیری بەرگری عێراق رایدەگەیەنێت كه ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو پێنج کەمپدا چەککراون.
سابت عەباسی، وەزیری بەرگریی عێراق رایگەیاند، هێزەکانی ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەناو پێنج کەمپدا چەککراون و هێزی عێراقی لەسەر سنوور بڵاوەی پێکراوە.، ئاماژەی بەوەشکرد، دەستووری عێراق رێگە نادات هیچ رێکخراوێکی چەکداریی لەسەر سنوور بوونی هەبێت و جەختیشی کردەوە، كه سەروەریی عێراق هێڵی سوورە.
وەزیری بەرگریی عێراق گوتیشی: "رێگە نادەین خاکی عێراق ببێتە مایەی مەترسی بۆ سەر وڵاتانی دراوسێ و بۆ ئەو مەبەستە گفتوگۆی سیاسی و دیبلۆماسیمان لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە"، سەبارەت بە هێزەکانی ئەمهریکا لەناو عێراق، سابت عەباسی راشیگەیاند: هیچ پێگەیەکی سەربازی ئەمهریکی لەناو عێراقدا نییە و لیژنەیەکی ئەمنی باڵا لە نێوان بەغدا و واشنۆتن پێکهێنراوە بۆ ڕووبەرووبوونەوەی تیرۆر و ئەنجامدانی ئەرکی راوێژکاری و جگە لەوە عێراق پێویستی بە هیچ هێزێکی شەڕکەر نییە.
ئاسایشی سنوور یەکێکە لەو پرسانەی کە ئێران زۆرترین پێداگری لەسەر دەکاتەوە، بە تایبەتی لەو ناوچانەی پێشتر بۆردومانی کردووە.
