هەسەدە هاوخەمی دەربڕی لەبارەی گیان لەدەستدانی سێ ئەندامی دژەتیرۆر
هێزەکانی سوریای دیموکرات "هەسەدە" هاوخەمی خۆی دەربڕی لەبارەی گیان لەدەستدانی سێ ئەندامی دژەتیرۆر لە فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەت لە سلێمانی بەهۆی هێرشێکی درۆنی تورکیا لە کاتی مەشقکردنیان.
ناوەندی ڕاگەیاندنی فەرماندەیی گشتی هێزەکانی سوریای دیموکرات لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند، "بە خەم و دڵتەنگییەوە هەواڵی شەهیدبوونی کۆمەڵێک لە پاڵەوانەکانی دەزگای دژە تیرۆرمان پێگەیشت لە کاتی هێرشێکی غەدرکاراندا کە فڕۆکەخانەی عەرباتیان کردە ئامانج لە شاری سلێمانی، ئەم پاڵەوانانە بە خوێنی پاکی خۆیان ڕێڕەوێکی شەرەفمەندانەیان لە خەبات و قوربانیدان بۆ گەل و نەتەوەکەیان هەڵکێشا".
هێزەکانی سوریای دیموکرات هاوخەمی خۆیان بۆ سەرکردایەتی و ئەندامانی دەزگای دژە تیرۆر و یەکێتیی نیشتمانی کوردستان و بنەماڵەی قوربانییەکان دەربڕی و لە چوارچێوەی بەیاننامەکەدا ڕایانگەیاند، "گەلەکەمان هەمیشە شانازی بە پاڵەوانە ئازاکانیان و دامەزراوە سەربازی و ئەمنییە بەهێزەکانیانەوە دەکات کە توانای پاراستنیان هەیە و دوژمنەکانیش جگە لە شکست هیچ بەشێکیان نابێت".
شایەنی باسە، هێزەکانی سوریای دیموکرات و دەزگای دژە تیرۆر لە ماوەی ڕابردوودا ئۆپەراسیۆنی هاوبەشیان لە ڕۆژئاوای کوردستان ئەنجامدا وەک بەشێک لە هەوڵەکانی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی چەکدارانی داعش.
سەرۆکی یەکێتیی نیشتمانیی کوردستان، بافڵ تاڵەبانی هێرشەکەی بە "پێشێلکردنی ئاشکرای سنووری هەرێمی کوردستان و عێراق" ناوبرد و وەک بەشێک لە پیلانگێڕییەکان بە ئامانجی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری هەرێمی کوردستان و سلێمانی بە تایبەتی دێت.
نەتەوە یەکگرتووەکان، یەکێتی ئەوروپا، سەرکردە ئەمنییەکان و سەرۆکایەتی عێراق سەرکۆنەی هێرشە ئاسمانییەکانی فڕۆکەخانەی کشتوکاڵی عەربەتیان کرد و داوای ڕێزگرتن لە سەروەری عێراقیان کرد.
