لیژنەی دەستپاکی: لە دەسەڵاتی حکومەتیش نییه بەبێ ڕاوێژکردن به پەرلەمان قەرز به هەرێم بدات
لیژنەی دەستپاکی پەرلەمانی عێراق: لە دەسەڵاتی حکومەتیش نییه بەبێ ڕاوێژکردن به پەرلەمان قەرز به هەرێم بدات.
ئەندامی لیژنەی دەستپاکیی پەرلەمانی عێراق، باسم خشان ڕۆژی چوارشەممە (20ـی ئەیلولی 2023) پشتڕاستی کردەوە کە حکومەتی فیدراڵی دەسەڵاتی ئەوەی نییە قەرز بە خۆی یان بە هەرێمی کوردستان بدات بەبێ ئەوەی ڕاوێژ بە ئەنجومەنی نوێنەران بکات.
خشان لە پەیامێکی تایبەتدا بە ئاژانسی هەواڵی "موتەڵع"ی ڕاگەیاند، "حکومەت مافی ئەوەی نییە قەرز بدات بە هەرێمی کوردستان مەگەر بگەڕێتەوە بۆ ئەنجومەنی نوێنەران، چونکە هەموو بڕیارەکانی لەو بارەیەوە دەبێت بەگوێرەی یاسا بدرێن و ئەو بڕە پارەیەی بۆ هەرێم دەنێردرێت لە دەرەوەی یاسای بودجەی داراییە کە پەسەندکراوە".
ئاماژەی بەوەشکردووە، "ژمارەیەک لە ئەندامانی ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق سکاڵایان لە دادگای فیدراڵی تۆمارکرد دژی بڕیارەکەی حکومەت بە قەرزدان بە هەرێم و بڕیارە لە هەفتەی داهاتوودا بڕیار لەلایەن دادگاوە لەو بارەیەوە دەردەکرێت"، وتیشی: "ئێمە پشتیوانی لە پێدانی مووچەی فەرمانبەرانی هەرێم دەکەین کە حکومەتەکەی تووشی خراپ بەڕێوەبردنی دەسەڵات دەبێت لەم دۆسیەیەدا و دەبێت سەرەتا ئەم دۆسیەیە چارەسەر بکرێت".
