لیژنەی ئاسایش: سستبوونی ڕێوشوێنی هەرێم لەبارەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران عێراق تووشی کێشە دەکات
ئاسایشی نوێنەرایەتی: سستبوونی ڕێوشوێنەکانی هەرێم لەبارەی ئۆپۆزسیۆنی ئێران رەنگە عێراق تووشی کێشە لەگەڵ ئێران بکات.
لیژنەی ئاسایش و بەرگری ئەنجومەنی نوێنەرانی عێراق، ئەمڕۆ شەممە (23ـی ئەیلولی 2023) جەختیکردەوە کە سستبوونی ئەو ڕێوشوێنانەی لەلایەن هەرێمی کوردستانەوە گیراوەتەبەر لەبارەی ڕێککەوتنی ئەمنی لەگەڵ ئێران بەتایبەت ئەوەی پەیوەستن بە ئۆپۆزسیۆن، ڕەنگە عێراق ڕووبەڕووی کێشەی ئەمنی بکاتەوە.
مەحەممەد شەمەری، ئەندامی لیژنەکە لە لێدوانێکی بۆ ئاژانسی “موتەڵع” ڕایگەیاند، "لیژنەیەکی باڵا هەیە لە نێوان لایەنە عێراقی و ئێرانی بۆ جێبەجێکردنی ئەوەی پەیوەستە بە ڕێککەوتنی ئەمنی نێوان هەردوو وڵات و تایبەت بە سنوور و بوونی ئۆپۆزسیۆنی چەکدار لەسەر خاکی هەرێمی کوردستان".
شەمەری وتیشی: "ئۆپۆزسیۆنی ئێران لەسەر سنووری ئێران لەگەڵ هەرێمی کوردستان خاکی عێراقی وەک پێگەیەک بۆ ئەنجامدانی هێرش و پەلامارەکانی بۆ سەر وڵاتە دراوسێکە بەکارهێناوە کە ئەمەش پێچەوانەی ڕێککەوتنە نێودەوڵەتییەکانە"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "ڕێوشوێنەکانی هەرێم بۆ کۆنترۆڵکردنی دۆخەکە و سنوورەکان سستە و ئەمەش لەوانەیە ببێتە هۆی کێشەی ئەمنی نێوان هەردوو وڵاتدا".
ڕایشیگەیاند، "ناوچە سنوورییەکان بەدەر بوون لە بڵاوەپێکردنی ئەمنی و ئۆپۆزسیۆنیش ئەو ناوچانەی داگیرکردبوو، بەڵام هەوڵە نوێیەکان بەئاڕاستەی گەیشتن بە ڕێککەوتنی نێوان هەردوو وڵاتە".
