مەحەممەد بن سەلمان لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆبووە
شازادە مەحەممەد بن سەلمان بن عەبدولعەزیز، شازادەی جێنشین لە ڕیازی پایتەختی سعودیە لەگەڵ وەزیری دەرەوەی ئەمەریکا ئەنتۆنی بلینکن کۆبوونەوە و لەو ماوەیەدا گفتوگۆیان لەسەر دۆخی گرژیی و پێکدادانەکانی غەززە و دەوروبەری کرا.
لە میانەی کۆبوونەوەکەدا بن سەلمان جەختی کردەوە لەسەر پێویستی کارکردن بۆ گفتوگۆکردن لەسەر ڕێگاکانی ڕاگرتنی ئۆپەراسیۆنە سەربازییەکان کە بوونەتە هۆی گیان لەدەستدانی خەڵکی بێتاوان، هەروەها جەختی لە هەوڵەکانی سعودیە کردەوە لە چڕکردنەوەی پەیوەندییەکان و کارکردن بۆ ئارامکردنەوە و ڕاگرتنی گرژییەکانی ئێستا و ڕێزگرتن لە یاسا مرۆییە نێودەوڵەتییەکان، لەوانە ڕاگرتنی گەمارۆی سەر کەرتی غەززە و کارکردن بۆ دروستکردنی هەلومەرجێک بۆ گەڕانەوەی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی ڕێگای ئاشتی، بن سەلمان جەختی لەوە کردەوە کە شانشینی سعودیە ڕەتی دەکاتەوە خەڵکی مەدەنی بکرێتە ئامانج بە هەر شێوەیەک بێت یان ژێرخان و بەرژەوەندییە گرنگەکان تێکبدرێت کە کاریگەرییان لەسەر ژیانی ڕۆژانەیان هەیە.
