بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی روونکردنەوەيەکی بڵاوکردەوە
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی سەربە وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان، لەسەر دابەشکردنی نەوتی سپی لە هەردوو پارێزگای سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین روونکردنەوەیەکی بڵاوکردەوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، دوای رەزامەندی وەزارەتی سامانە سرووشتییەکان بۆ دابینکردنی بڕی 100 و پێنج ملیۆن لیتر نەوتی سپی بۆ پارێزگارکانی سلێمانی و هەڵەبجە و ئیدارە سەربەخۆکانی گەرمیان و راپەڕین، لە سەرەتای ئەم مانگەوە دەستکرا بە عەمبارکردنی نەوتی هاتوو لە کۆگای سووتەمەنی عەربەت.
ئاماژە بەوەشدراوە، لە رێکەوتی 9ـی 10ـی 2023 دەستکرا بە دابەشکردنی نەوتەکە لە ناوچە شاخاوییەکان و ئەو شوێنانەی ساڵی رابردوو تەواونەکرابوون.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی رایگەیاند، تا ئێستا بڕی پێنج ملیۆن و 789 هەزار لیتر بەسەر 28 هەزار و 945 خێزاندا لە سنووری قەزای پێنجوێن و ناحیەکانی لەگەڵ قەزای سەیدسادق و ناحیەکانی و هەردوو ئیدارەی سەربەخۆی راپەڕین و گەرمیان دابەشکراوە.
لە روونکردنەوەکەدا هاتووە، کە پرۆسەی دابەشکردنی نەوتی سپی بەردەوامە و لە ئاییندەیەکی نزیکدا شاری سلێمانی و دەوروبەریشی دەگرێتەوە.
بەڕێوەبەرایەتی نەوت و کانزاکانی سلێمانی باسی لەوەکرد، هەوڵێكی زۆریان داوە لەگەڵ وەزارەتی نەوتی عێراق بۆ دابینکردنی بەشە نەوتی پارێزگای سلێمانی وەک سەرجەم پارێزگاکانی دیکەی عێراق، لەو رووشەوە پێش هاتنی وەرزی سەرما گفتوگۆ لەگەڵ حەیان عەبدولغەنی، وەزیری نەوتی عێراق کراوە.
جەختی کردەوە لەوەی، "پێویست ناکات هیچ لایەن و فراکسیۆنێکی پەرلەمانی موزایەدە لەسەر دابینکردنی نەوتی هاووڵاتییان بکات لە سنووری پارێزگای سلێمانی".
