نرخى نەوت دابەزى
نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی برێنت بە هەشتاو نۆ دۆلار و شەست و چوار سەنت مامەڵەی پێوەدەکرێت بەراورد بە دوێنێ نرخەکەى دۆلارێک و بیست و هەشت سەنت دابەزیوە.
بەپێی داتاکانی بازاڕی جیهانی نەوت، نرخی یەک بەرمیل نەوتی خاوی ئەمەریکی بە هەشتاو شەش دۆلار و چل و هەشت سەنت مامەڵەى پێوە دەکرێت بەراورد بە دوێنێ نرخەکەى دۆلارێک و بیست و سێ سەنت دابەزیوە.
گۆڕانکارى لە نرخی نەوت لە کاتێکدایە، هەریەک لە عێراق و روسیا و سعودییە و ئیمارات و جەزائیر و کوێت و عومان رایانگەیاند، بەشێوەیەکی خۆویستانە و بە ئامانجی سەقامگیری نرخی نەوت لە بازاڕەکانی جیهان و راگرتنی هاوسەنگی لە نێوان خواست و خستنە بازاڕدا بەرهەمهێنانی رۆژانەی نەوتیان کەمکردەوە، هاوکات بەرپرسانی ڕێکخراوی ئۆپیك پڵەس کۆبونەوە و پشکی هەر وڵاتێك بۆ بەرهەمهێنانی نەوت لە ساڵی داهاتودا دیاریکرا و پشکی عێراق چوار ملیۆن و چوارسەد و سى و یەک هەزار بەرمیل بوو لە ڕۆژێکدا و دواتر بە ڕەزامەندی عێراق و ڕێکخراوەکە بڕی دوسەد و دە هەزار بەرمیل نەوت کەمبکرێتەوە.
