سەرۆک وەزیرانی عێراق و سەرۆکی فەڕەنسا جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی ئاگربەست لە غەززە
سەرۆک وەزیرانی عێراق، مەحەممەد شەیاع سودانی و سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن ڕۆژی یەکشەممە جەختیان کردەوە لەسەر پێویستی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کردنەوەی دەروازە سنوورییەکان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی غەززە و کارکردن بۆ ڕێگەگرتن لە فراوانبوونی گرژییەکان.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سودانی لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند کە سودانی پەیوەندییەکی تەلەفۆنی لە سەرۆکی فەڕەنساوە پێگەیشتووە و لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکە تیشک خرا سەر تاوتوێکردنی پێشکەوتنە خێراکانی ناوچەکە و ڕووداوە مەترسیدارەکانی فەڵەستین بەهۆی بەردەوامبوونی هێرشەکانی ئیسرائیل بۆ سەر هاوڵاتیانی سڤیل لە کەرتی غەززە، هەروەها جەخت لەوە کرایەوە کە بەردەوامبوونی ڕووداوەکان کاریگەرییەکی گەورەی لەسەر ئاشتی و ئاسایشی هەرێمی و نێودەوڵەتی هەیە و ڕێککەوتوون لەسەر بەردەوامبوونی پەیوەندییەکان و هەوڵە هاوبەشەکان بۆ ڕاگرتنی ئاگربەست و کۆنترۆڵکردنی ناکۆکییەکان بە مەبەستی گەیشتن بە چارەسەری تەواو.
لە لایەکی دیکەوە سەرۆکی فەڕەنسا ئاماژەی بەوەدا کە پێویستە هەنگاوی جددی بگیرێتەبەر بۆ ڕێگەگرتن لە بڵاوبوونەوەی ناکۆکییەکان و ڕزگارکردنی هاوڵاتیانی سڤیل لە دەرئەنجامەکانی ئەو ڕووداوانە.
لە پەیوەندیەکەدا هەردوولا ڕێککەوتن لەسەر پێویستی کارکردن بۆ مسۆگەرکردنی ئاگربەستێکی دەستبەجێ و کردنەوەی دەروازە مرۆییەکان بۆ یارمەتیدانی خەڵکی گەمارۆدراوی غەززە، هەروەها کارکردن بۆ ڕێگریکردن لە زیادبوونی گرژییەکان و ڕاگرتنی پێکدادانەکان.
