سەرۆک کۆمار پێشوازی لە وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی دەکات
دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار لە کۆشکی بەغداد پێشوازیکرد لە ئەحمەد ئەسەدی وەزیری کار و کاروباری کۆمەڵایەتی. نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە"لە میانی دیدارەکەدا، کە ئەمڕۆ چوارشەممە بەڕێوەچو، چەندین تەوەر و دۆسیەی پەیوەست بە دڵنیابون لە دابینکردنی خزمەتگوزاری بۆ هاووڵاتیان و کەمکردنەوەی بارگرانییەکانیان تاووتوێ کرا"، لەوبارەیەوە سەرۆک کۆمار جەختیکردەوە لە پێویستی بەدواداچون بۆ دۆخی مرۆیی و پاراستن و پاڵپشتی کۆمەڵایەتی بۆ هاووڵاتیان و دابینکردنی پێویستیەکان بۆیان بە شێوەیەکی کاریگەرتر و گشتگیرتر. هەروەها سەرۆک کۆمار دوپاتیکردەوە، پێویستە ئاسانکاری بکرێت بۆ رێککارەکانی بیمەی کۆمەڵایەتی بۆ هەموو ئەو توێژانەی لە یاسای دەستەی پاراستنی کۆمەڵایەتیدا ئاماژەیان پێکراوە، سەرەڕای گرنگیدان بە چاودێریکردنی ئەو کەسانەی داهاتیان سنوردارە و کارکردن بۆ دۆزینەوەی میکانیزمی بەهێز بۆ رێگریکردن لە کارکردنی منداڵان و ناچارکردنیان بە ئەنجامدانی کاری قورس، هاوکات ستایشی ئەو هەوڵانەشی وەزارەتی کرد لەپای گرنگیدان بە چینە کەمدەرامەتەکان. لە بەرامبەردا وەزیری کارو کاروباری کۆمەڵایەتی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار دەربڕی لەپای رێنماییە بەنرخەکانی، رونکردنەوەیەکی کورتیشی لەبارەی رۆڵی گرنگی وەزارەت پێشکەش بە سەرۆک کۆمار کرد، کە بەپێی پرەنسیپەکانی کاردەکات بۆ دابینکردنی خزمەتگوزارییەکان بۆ ئەو چین و توێژانەی کۆمەڵگە، کە دەکەونە ژێر بەرپرسیارێتی وەزارەتەوە لە رێگەی جێبەجێکردنی پلان و ستراتیژ و دڵنیابوون لە جێبەجێکردنی یاساکانی لە لایەک و هەماهەنگیکردن لەگەڵ دەسەڵاتە پەیوەندیدارەکان لەلایەکی دیکەوە.
