هاوپەیمانی تەقدوم ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی جێگرەوەی حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆک پەرلەمان!
سەرچاوەیەکی سیاسی لە هاوپەیمانی تەقدوم،ئەمڕۆ هەینی، ئاشکرایکرد کە سەرکردەکانی حیزب و هاوپەیمانییەکە قایل بوون بە بڕیارەکەی دادگای باڵای فیدراڵی لەبارەی دوورخستنەوەی سەرکردەکەی محەمەد حەلبووسی سەرۆکی پەرلەمان، دووپاتیشیکردەوە کەتەقدوم ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی جێگرەوەیەک بۆ حەلبوسی لە ماوەی داهاتوودا.
سەرچاوەکە کە نەیویست ناوی ئاشکرا بکرێت بە ئاژانسی" موتەڵع"ی ڕاگەیاند " هاوپەیمانی تەقدوم ئامادەکاری دەکات بۆ پێشکەشکردنی کاندیدێکی جێگرەوەی حەلبوسی بۆ پۆستی سەرۆکی پەرلەمان لەنێو خودی هاوپەیمانییەکە ورێگە نادات ئەم پۆستە بۆ هیچ لایەنێکی تری سیاسی بێت".
وتیشی، "چەندین کەسایەتی لەنێو هاوپەیمانی تەقدوم هەن دەتوانن پۆستی سەرۆکی پەرلەمان وەربگرن، بۆیە لە ماوەی داهاتوودا کاندیدێک بۆ پۆستەکە دیاری دەکرێت بە پشتیوانی خودی حەلبوسی".
روونیشیکردەوە، "ئەو وەزیرانەی تەقدوم کە دەستیان لە حکومەت کێشاوەتەوە دەگەڕێنەوە بۆ پۆستەکانیان کاتێک کەشێکی گونجاو دروست دەبێت بۆدووبارە گەڕاندنەوەی شتەکان بۆ باری ئاسایی خۆی".
جێی ئاماژەپێکردنە محەمەد حەلبوسی سەرۆکی پێشووی پەرلەمان ئەمڕۆ گەیشتە پارێزگای ئەنبار ولەهەمان کاتدا ئامادەی هەڵمەتێکی بانگەشەی هەڵبژاردن بوو بۆ کاندیدەکانی لە ناوچەی سەقڵاویە،وتیایدا وتارێکی پێشکەش کرد وئاماژەی بەوەدا کە ڕووبەڕووی بڕیارەکە بەدابڕان وتوندوتیژی و ئاژاوە و خۆپیشاندان نابنەوە و داوای بەشداریکردنی چالاکانەی هەڵبژاردنە ناوخۆییەکانیشی کرد.
