سەرۆکایەتی کۆمار بۆردومانەکەی ناوچەی جورف سەخر شەرمەزار دەکات
سەرۆکایەتی کۆمار بۆردومانەکەی ناوچەی جورف سەخر شەرمەزار دەکات
فەرمانگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە بەیانامەیەکدا رایگەیاند:"سەرۆکایەتی کۆمار سەرکۆنەی ئەو بۆردومانە دەکات، کە ناوچەی جورف سەخر کردە ئامانج و بەبێ ئاگاداری حکومەت و دەزگا ئەمنییەکانی عیراق ئەنجامدراوە".
ئاماژەی بەوەکرد"لەکاتێکدا لایەنە پەیوەندیدارەکانی حکومەت و لەگەڵیدا هێزە سیاسی و کۆمەڵایەتییەکان بە پەرۆشن بۆ هەوڵدان لەپێناو چەسپاندنی ئاسایش و سەقامگیریی بەدەستهاتو و پاراستنی ئاسایش و سەلامەتی هاووڵاتیان، ئەم پەرەسەندن و پێشێلکردنەی سەروەریی عیراق قبوڵ ناکرێت، کە لەوانەیە ببێتەهۆی تێکدانی ئاسایش و سەقامگیری لە وڵاتدا".
سەرۆکایەتی کۆمار جەخت لەوە دەکاتەوە، کە بڕیاری ئاسایشی عیراقی، بڕیارێکی سەروەرییە و تەنها پەیوەستە بە دەسەڵاتی حکومەتی عیراق و مافی هیچ لایەنێکی دیکە نییە تاک لایەنە لەڕێگەی ئەو هەڵسوکەوتانەوە، کە دژی بەرژەوەندی باڵای وڵات و هاووڵاتیانە، وێنەیەکی نەرێنی وڵات بخاتەڕو، ئەو جۆرە رەفتارانەش پێشێلکردنی بەرپرسیارێتی حکومەتە لە وێناکردنی سیاسەتی باڵای ئاسایشی وڵاتدا.
