قوباد تاڵەبانی: هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كێشەی موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە یەكجاری چارەسەر بكەین
قوباد تاڵەبانی جێگری سەرۆكوەزیران لە كۆبوونەوەی لەگەڵ ستیڤن چارڵس هیچن باڵیۆزی بەریتانیا لە عیراق، رایگەیاند: "هەموو هەوڵێكمان بۆ ئەوەیە كێشەی بەشە بودجە و موچەی فەرمانبەرانی هەرێم بە یەكجاری چارەسەر بكەین و ناكرێت ئەم كێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەوام بێت".
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی راگەیاندنی جێگری سەرۆکی حکومەتی هەرێم كۆبوونەوەكەدا كە رۆژی پێنج شەممە، ٣٠ی نۆڤەمبەری ٢٠٢٣ لە هەولێر بەڕێوەچوو، تاوتوێی دۆخی سیاسی و ئەمنی عیراق و پەیوەندییەكانی نێوان هەرێم و بەغدا كرا، لەمبارەیەوە قوباد تاڵەبانی ئاماژەی بەوەكرد: "ئەركی هەموو لایەنە عیراقییەكانە هەوڵ بدەن بۆ پاراستنی سەقامگیری سیاسی و ئەمنی عیراق، هاوكات لەگەڵ ئەوەشدا بۆ گەڕاندنەوەی متمانە، پێویستە هەر لایەنێك لەلای خۆیەوە نیازپاكی نیشان بدات". وتیشی: "تەنها بە پاراستنی سەقامگیری و گەڕاندنەوەی متمانە دەتوانرێت كێشە سیاسییەكان و لەناویشیاندا كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغدا بەشێوەیەكی بنەڕەتی چارەسەر بكرێن".
سەبارەت بە كێشەكانی نێوان هەرێم و بەغداش، جێگری سەرۆكوەزیران جەختی كردەوە چارەسەری بنەڕەتی رێككەوتنێكی گشتگیری درێژخایەنە كە لە بەرژوەندی هەردوولادابێت، بەڵام لەم قۆناغەدا ئەولەوییەتی یەكەمی حكومەت و هاووڵاتیانی هەرێمی كوردستان چارەسەركردنی خێرای كێشەی بودجە و موچەی موچەخۆرانە و ناكرێت ئەم كێشەیە لە ساڵی داهاتووشدا بەردەام بێت. داواشیكرد وڵاتانی دۆست و هاوپەیمان یارمەتیدەربن لە چارەسەركردنی ئەم كێشەیەدا.
لە تەوەرێكی دیكەی كۆبوونەوەكەدا باسی دۆخی ناوخۆی هەرێمی كوردستان كرا. قوباد تاڵەبانی روونیكردەوە لە ماوەی رابردوودا كەشێكی ئەرێنی هاتووەتە ئاراوە بۆ چارەسەركردنی كێشە ناوخۆییەكان و هەنگاوی باش نراون بە ئاراستەی یەكگرتوویی و یەكڕیزی نێوان لایەنە كوردستانییەكان. وتیشی گەشبینە بە بەردەوامیی ئەم كەشە ئەرێنییە بەشێكی بەرچاوی كێشەكان چارەسەر بكرێن و بەمەش پێگەی هەرێمی كوردستان لە عێراقدا بەهێزتر ببێت.
لەم چوارچێوەیەدا ئاماژەی بە گەڕانەوەی وەزیری پێشمەرگە بۆ سەر ئەركەكەی كرد و رایگەیاند: "بە گەڕانەوەی وەزیر پڕۆسەی ریفۆرم لە وەزارەتی پێشمەرگە خێراتر و باشتر جێبەجێ دەكرێت".
