سەرۆک کۆمار پێشوازی لە باڵیۆزی فەڵەستین کرد و پشتیوانی عیراقی دوپاتکردەوە
سەرۆک کۆمار دکتۆر لەتیف جەمال رەشید پێشوازییکرد لە ئەحمەد روەیزی باڵیۆزی فەڵەستین لە عیراق.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لە کۆبونەوەکەدا، کە ئەمڕۆ سێشەممە 5-12-2023 لە کۆشکی بەغداد بەڕێوەچو، دوایین پێشهاتەکان و دۆخی کەرتی غەزە و پەلاماری شەڕانگێزانەی ئاشکرای دژبە گەلی فەڵەستین تاووتوێ کرا.
سەرۆک کۆمار هەڵوێستی چەسپاو و ئاشکرای عیراقی دوپاتکردەوە بۆ پشتیوانیکردن لە برایان لە فەڵەستین بۆ بەدەستهێنانی مافە رەواکانیان، هەروەها جەختیکردەوە لەسەر پێویستی کۆکردنەوەی هەوڵە نێودەوڵەتییەکان بۆ راگرتنی پەلاماری شەڕانگێزانەی دژبە غەزە و پێکەوە کارکردن بۆ دۆزینەوەی چارەسەرێکی ریشەیی بۆ دۆخی فەڵەستین، سەرەڕای ئاماژەکردن بۆ پێویستی گەیشتنی هاوکارییەکان بە گەلی فەڵەستین و دەستەبەرکردنی پاراستنی دانیشتوان و هاووڵاتیانی سڤیل.
سەرۆک کۆمار سوربونی عیراقی دوپاتکردەوە لەسەر پێشکەشکردنی پاڵپشتی و یارمەتی مرۆیی بە گەلی فەڵەستین لەپێناو کەمکردنەوەی نەهامەتییەکانی خەڵکی کەرتی غەزە و شارەکانی دیکە، کە روبەڕوی بۆردومان دەبنەوە.
لەبەرامبەردا باڵیۆز روەیزی سوپاس و پێزانینی خۆی بۆ سەرۆک کۆمار و حکومەت و گەلی عیراق دەربڕی لەپای هەوڵەکانیان بۆ بەرگریکردن لە دۆزی فەڵەستین.
