سەرۆک کۆمار :ئێمە لە عیراق بە گەل و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمارەوە سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی دژبە خەڵکی غەزە دەکەین
دکتۆر لەتیف جەمال رەشید سەرۆک کۆمار رایگەیاند ئێمە لە عیراق بە گەل و حکومەت و سەرۆکایەتی کۆمارەوە سەرکۆنەی هێرشە بەردەوامەکانی دژبە خەڵکی غەزە دەکەین و داوای کۆتاییهێنان بە جەنگ و بەردەوامبوونی کارکردن دەکەین بۆ چارەسەرکردنی کێشەی فەڵەستین بەشێوەیەکی گشتی، پێویستە گەلی فەڵەستین هەموو مافە رەواکانی بەدەستبهێنێت و دیاریکردنی چارەنوسی و پێکهێنانی دەوڵەتێکی سەربەخۆی دوپاتدەکەینەوە.
سەرۆک کۆمار لە چاوپێکەوتنی لەگەڵ کەناڵی ئەلشەرق لە پەراوێزی بەشداریکردنی لە کۆنفرانسی لوتکەی نەتەوە یەکگرتووەکان بۆ کەشوهەوا (COP28)، کە لە ئیمارات بەڕێوەچوو دووپاتیکردەوە رێککەوتنمان لەگەڵ ئەمریکا و هاوپەیمانێتیی نێودەوڵەتی هەیە و زۆربەی چالاکییەکانیان بریتییە لە راهێنانی هێزە ئەمنییەکانی عیراق بۆ بەرەنگاربونەوەی باندە تیرۆریستییەکانی داعش.
وتیشی دەستمانکردوە بە قۆناغی هەڵبژاردنی کاندیدێک بۆ سەرۆکی پەرلەمان، هەروەها جێگری یەکەم و جێگری دووەمی سەرۆکمان هەیە بۆ بەڕێوەبردنی کارەکان.
سەرۆک کۆمار ئاماژەیشیدا کاردەکەین بۆ هاندانی وەبەرهێنان، عیراق سەقامگیریی ئەمنی بەخۆەدەبینێت، کە رێگە بە وەبەرهێنان دەدات و حکومەتیش تیشکی خستوەتەسەر کەرتی ئابوری لە رێگەی پرۆژەکانی ژێرخانی ئابوری و خزمەتگوزارییەوە.
رایشیگەیاند ناجێگیری نرخی دۆلار بۆ ماوەیەکی درێژ و کراوەیی بازاڕی عیراقیش، پاڵپشتی دراوی عیراقی ناکات، بۆیە هەنگاومان ناوە بۆ بەهێزکردنی دراوی عیراقی و کۆنترۆڵکردنی بازاڕ و رێکخستنی هەناردەکردنی دراو.
روونیشیکردەوە دانوستانمان لەگەڵ ئێران و تورکیا هەیە لەسەر دۆسێی ئاو و هیوادارین بگەینە ئەنجامێکی ئەرێنی، هەروەها کار لەسەر خێراکردن و باشترکردنی رێوشوێنی ناوخۆیی دەکەین بۆ بەڕێوەبردنی ئاو و شێوازەکانی ئاودێری و کشتوکاڵ.
سەرۆک کۆمار جەختی لەوەکردەوە پەیوەندییەکانمان لەگەڵ دراوسێکانمان و وڵاتانی هەرێمی و نێودەوڵەتی زۆرباشن و هەمووان هیواخوازن عیراق بگەڕێتەوە بۆ بینینی رۆڵی مێژوویی و جوگرافی و ئابوری خۆی لە ناوچەکەدا، ئامانجمان بونیادنانی پەیوەندییەکی بەهێزە لەگەڵ هەموواندا.
وتیشی باری ئابوری تاکی عیراقی باشە، هەندێک کێشەی بێکاری و کێشەی دیکەمان هەیە و کاردەکەین بۆ باشترکردنی بارودۆخی ئابوری و هاندانی کەرتی تایبەت و دابینکردنی هەلی کار بۆ دەرچوان.
ئاماژەی بەوەشدا لە ئەنجامی گوێنەدانی رژێمی پێشووی تۆتالیتاری بە پاراستنی ژینگە بۆ دەیان ساڵ، عیراق بە دەست کێشەی ژینگەییەوە دەناڵێنێت، ئێستا کێشەی بە بیابانبون و پیسبونی هەوا و ئاو و خاکمان هەیە و دەبێت زۆنگاوەکان بپارێزین، کە پێویستن بۆ عیراق و تەواوی ناوچەکە.
سەرۆک کۆمار باسی لەوەشکرد رۆڵی سکرتێری گشتی نەتەوە یەکگرتووەکان ئەرێنییە و نەتەوە یەکگرتووەکان هەڵوێستی رونی هەیە لە چەسپاندنی ئاشتی لە ناوچەکەدا و پشتیوانیکردنی وڵاتان بۆ گەیشتن بە ئاشتی و هاریکاری و هەماهەنگی.
