سەرۆک وەزیران هۆشداری دایە واشنتۆن لەوەی وەڵامی ڕاستەوخۆ نەدەنەوە بەبێ ڕەزامەندی حکومەت وداوای دووبارە نەکردنەوەی ئەوی کە لە هێرشەکەی جورف نەسر ڕوویدا کرد
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانى، شەوی هەینی ڕابردوو پەیوەندییەکی تەلەفۆنی پێگەیشت لە وەزیری بەرگری ئەمەریکاوە لۆید ئۆستن.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیوەندییە تەلەفۆنییەکەدا تاوتوێی پەیوەندییەکانی هاوکاریی دوولایەنە کرا لە بوارەکانی ئاسایش و چۆنییەتی پەرەپێدانیان لە نێوان هەردوو وڵاتدا بۆ ڕووبەڕووبوونەوەی ئاستەنگییە جۆراوجۆرەکان.
هەر لە پەیوەندییەکەدا باس لە هێرشەکانی ئەم دواییە کرا کە بارەگای باڵیۆزخانەی ئەمەریکای کردە ئامانج لە بەغدادی پایتەخت و گرنگی سنوردارکردنیان چونکە سەروەری و سەقامگیری عێراق تێک دەدات.
هەرووها سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە پەیوەندییەکەدا جەختی لە پابەندبوونی حکومەت کردەوە بۆ پاراستنی نێردە دیپلۆماسییەکان و کارمەندانی نێو نێردەی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی و دامەزراوەکانی، وە دەزگا ئەمنییەکان توانای ڕاونان و ئاشکراکردنی ئەو کەسانەیان هەیە کە لەم هێرشانەدا تێوەگلاون و هەر کەسێک بن، لە هەمان کاتدا هۆشداری دا لەوەی وەڵامی ڕاستەوخۆ نەدەنەوە بەبێ ڕەزامەندی حکومەت و گرنگی دووبارە نەکردنەوەی ئەوی کە لە هێرشەکەی جورف نەسر ڕوویدا.
لە لای خۆیەوە وەزیری بەرگری ئەمەریکا پێشوازی لە هەڵوێستی حکومەتی عێراق و سەرکۆنەکردنی ئەو هێرشانەی کرد کە باڵیۆزخانەی ئەمەریکایان لە عێراق کردە ئامانج لەگەڵ ڕێوشوێنەکانی بۆ ڕاونانی ئەنجامدەرانی هێرشەکە و جەختی لەوە کردەوە کە ئەم جۆرە کردەوانە هەڕەشە لە ئاسایشی ناوخۆی عێراق دەکات.
