راگەیەندراوێک لە بانکی ناوەندیەوە لەبارەی دیارنەمانی بڕێکی زۆر لە دراوی ناوخۆیی
ئەمڕۆ شەممە، بانکی ناوەندی ڕەتیکردەوە کە بڕێکی زۆر لە دراوی ناوخۆیی نەمابێت. بانکەکە لە بەیاننامەیەکدا ڕایگەیاند:- ئەو دەنگۆیانەی کە باس لە دیارنەمانی بڕێکی زۆر دراوی عێراقی و بە قاچاخبردنیان بۆ هەندێک وڵاتی دراوسێ دەکەن ڕاست نین. بانکی ناوەندی ئاماژەی بەوەشکردوە :- کە ئەو بڕە لە دراوی عێراقی بەپێی پێویستی ئابووری عێراق و لە چوارچێوەی پێوەرە توندەکان چاپ دەکرێن. بانکی ناوەندی جەختیشی لەوە کردۆتەوە کە تاکە دامەزراوەیە لە عێراقدا کە وردبینی لە ژمێریارییەکان و کارەکانی دەکات لە چوار لایەنەوە کە بریتین لە دیوانی چاودێری دارایی و کۆمپانیایەکی وردبینی نێودەوڵەتی و لیژنەیەکی وردبینی دەرەکی و فەرمانگەی وردبینی ناوخۆیی. بانکەکە ئەوەشی خستۆتەروو تۆمەت و دەنگۆی بێ بنەما و بەبێ هیچ بەڵگەیەک، مەبەست و ئامانجەکەیان زیانگەیاندنە بە بەرژەوەندییە ئابوورییەکانی دەوڵەت، هەروەک مافی خۆیەتی بانکی ناوەندی ، داوای یاسایی خۆی بۆ دادگاییکردنی هەرکەسێک بخاتەروو کە پەرە بەو جۆرە تۆمەتانە بدات .
