سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران:کار بۆ ئەوە دەکەین کوردستان نەبێتە هەرێمی بەکاربەر، بەڵکوو بەرهەمهێنەر بێت
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران رایدەگەیەنێت، هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنان و هەناردەکردن.
موستەفا شێخ عەبدولرەحمان، سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکارانی هەرێمی کوردستان لە کۆنفرانسێکی رۆژنامەوانیدا رایگەیاند، لە ستراتیژی یەکێتیەکەیان قۆناغی سێیەمی کارکردنیان دەستپێدەکات.
وەکو ئەوەی موستەفا شێخ عەبدولرەحمان باسی کرد، بەپێی پلانەکەیان لەو قۆناغەدا هەرێمی کوردستان دەبێتە ناوەندێکی بەرهەمهێنان و هەناردەکاری بەهێز لە ناوچەکەدا.
سەرۆکی یەکێتیی هاوردە و هەناردەکاران لە بەشێکی دیکەی قسەکانیدا ئاماژەی بەوەش کرد، "هانی کۆمپانیا بیانییەکان دەدەین بێن لە هەرێمی کوردستان لقەکانیان بکەنەوە و پەرە بە کارە بازرگانییەکانیان بدەن".
موستەفا شێخ عەبدولرەحمان گوتی، "جەخت لە کوالێتیی بەرهەمە خۆماڵییەکان دەکەینەوە و کار بۆ ئەوە دەکەین هەرێمی کوردستان نەبێتە هەرێمی بەکاربەر، بەڵکوو هەرێمێکی بەرهەمهێنەر بێت".
لەبارەی ئەو ژمارە کۆمپانیایانەی لە هەرێمی کوردستان کاردەکەن، ناوبراو ئاماژەی بەوە کرد، لە ماوەی ساڵانی رابردوودا چوار هەزار و 470 کۆمپانیا و کارگە لە هەرێمی کورستان مۆڵەتی کارکردنیان پێ دراوە.
