وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران : کوژرانی سەکردەکانی فەڵەستین بڵێسەی بەرخۆدانی گەلەکەی زیاد دەکات
وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران رایگەیاند، کوژرانی سەکردەکانی فەڵەستین بڵێسەی بەرخۆدانی گەلەکەی زیاد دەکات، بە ئەنجامدانی ئەو کردەوەیەش ئیسرائیل سەروەری لوبنان و ئاسایشی خاکەکەی پێشێلکردوە.
ناسر کەنعانی وتەبێژی وەزارەتی دەرەوەی ئێران لە وتارێکدا رایگەیاند،"بەبێ گومان خوێنی شەهید بڵێسەی بەرخۆدان و پاڵنەرەکانی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داگیرکەرانی ئیسرائیل زیاتر دەکات، نەک تەنیا لە فەلەستین، بەڵکو لە تەواوی ناوچەکە.
ئاماژەی بەوەشکرد، بە جێبەجێکردنی ئەو ئۆپەراسیۆنە ئاسمانییە، ئیسرائیل سەروەری لوبنان و ئاسایشی خاکەکەی پێشێلکردوە.
جێی ئاماژەیە فڕۆکەیەکی بێ فڕۆکەوانی ئیسرائیلی لە رێگەی چەند موشەکێکەوە نوسینگەیەکی حەماسی لە بەیروتی پایتەختی لوبنان بە ئامانجگرت و لە ئاکامدا ساڵح عاروری جێگری سەرۆکی نوسینگەی سیاسی بزوتنەوەی حەماس و دو فەرماندەی لیواکانی قەسام گیانیان لەدەستدا، ژمارەیەک کەسی دیکەش برینداربون.
