كاردەكرێت بۆ كردنەوەی هێڵێكی راستەوخۆی فڕۆكەوانی لەنێوان باكۆ و سلێمانی.
د. لەتیف جەمال رەشید سەرۆككۆماری عیراق، پێشوازی لە نەسیر مەمەدۆڤ باڵیۆزی كۆماری ئازەربایجان لە عیراق كرد و ئاسانكاری میكانیزمی پێدانی ڤیزا بە عیراقییەكان تاووتوێكرا.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی سەرۆکایەتی کۆمار لەدیدارەكەدا، كە ئەمڕۆ چوار شەممە 10-1-2024 لە كۆشكی بەغداد بەڕێوەچوو، باس لە چۆنێتی گەشەپێدانی پەیوەندییە دوو قۆڵییەكان كرا و سەرۆككۆمار ئاماژەی بە قەبارەی ئەو دەرفەتانە كرد، كە لەئارادان بۆ فراوانكردنی ئاسۆی هاریكارییە دوو قۆڵییەكان لەسەرئاستی سیاسی و ئابوری و رۆشنبیری و بازرگانی و گەشتوگوزار، سەرەڕای جەختكردنەوە لەسەر پێویستی ئاسانكاریكردن لە میكانیزمی پێدانی ڤیزا بە هاووڵاتیان بۆئەوەی هەموو شارەكان بگرێتەوە بەتایبەتی هاووڵاتیانی پارێزگای سلێمانی، كە بۆ وەرگرتنی ڤیزای چونە ناو ئازەربایجان، توشی ئاستەنگ دەبن.
لەلای خۆیەوە باڵیۆزی ئازەربایجان خواستی وڵاتەكەی بۆ بەردەوامبون و پەرەپێدانی پەیوەندییەكانی نێوان هەردوو وڵات دەربڕی و جەختی لەوە كردەوە، ئەو رێككەوتن و یاداشتنامە گرنگانەی لەمیانەی سەردانەكەی سەرۆككۆمار بۆ ئازەربایجان لەنێوان هەردوو وڵاتدا ئیمزاكراون، كۆڵەكەی هەماهەنگییەكی گشتگیر و بنیاتنانی پێكەوەكاركردنە، كە خزمەت بە بەرژەوەندی هەردوولا دەكات.
هەروەها باڵیۆز مەمدۆڤ بایەخی ئاسانكردنی رێوشوێنەكانی پێدانی ڤیزای بۆ هەموو هاووڵاتیانی عیراق بە هاووڵاتیانی شاری سلێمانیشەوە دوپاتكردەوە، ئاماژەی بەوەشكرد، كە كاردەكەن بۆ كردنەوەی هێڵێكی راستەوخۆی فڕۆكەوانی لەنێوان باكۆ و سلێمانی.
