سەرۆک وەزیران لە داڤۆس لەگەڵ سەرۆکی فەرەنسا کۆدەبێتەوە
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران مەحەمەد شەیاع سودانى لەگەڵ سەرۆکی فەڕەنسا ئیمانوێل ماکرۆن کۆبووەوە لە پەراوێزی بەشداریکردنیدا لە کۆڕبەندی ئابووری داڤۆس کە لە سویسرا بەڕێوەدەچێت، لە میانەی کۆبوونەوەکەدا تاوتوێی بارودۆخی ئەمنی و سیاسی ناوچەکە کرا لەگەڵ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکانی نێوان هەردوو وڵات و چۆنیەتی بەهێزکردنیان.
نوسينگەی راگەیاندنی سەرۆک وەزیران لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:هەردوولا دەرفەتەکانی هەماهەنگیان خستەڕوو لەبوارەکانی ئابووری و پەرەپێدانی توانا سەربازییەکانی عێراق و جێبەجێکردنی گرێبەستی پڕچەککردن لەگەڵ کۆمپانیای تالیسی فەڕەنسی و فراوانکردنی هاوبەشی لە بواری نەوتدا و بەهێزکردنی گرێبەستە جۆراوجۆرەکان لەگەڵ کۆمپانیای تۆتاڵ و کۆمپانیا گەورەکانی دیکەی فەڕەنسا.
سودانی ئاماژەی بە پەرەپێدانی توانا تەکنیکی و مەیدانییەکانی هێزە چەکدارەکانی عێراق کرد بە هەموو جۆرەکانیەوە لەگەڵ چەسپاندنی سەرکەوتنەکان بەسەر تیرۆرستانی داعشدا کە ڕێگا دەکاتەوە بۆ هەنگاونان بۆ کۆتایی هێنان بە ڕۆڵی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی لە بەرەنگاربوونەوەی داعشدا و درێژەدان بە هاوکارییە ئەمنی و سەربازییە دووقۆڵییەکان لە نێوان عێراق و ئەو وڵاتە دۆستانەی کە لە شەڕی دژ بە تیرۆر پشتیوانیان کرد.
هەر لە کۆبوونەوەکەدا تاوتوێت بارودۆخی ئێستای غەزە و بەردەوامی دەستدرێژییەکان بۆ سەر گەلی فەڵەستین کرا، هاوکات بەڕێز سودانی جەختی لەسەر ڕۆڵی فەڕەنسا و کۆمەڵگەی نێودەوڵەتی و وڵاتانی چالاکی گەورە کردەوە لە کارکردن بۆ ڕاگرتنی مەینەتییەکان و ڕێگریکردن لە لەناوبردنی فەڵەستینییەکان و دۆزینەوەی چارەسەرێکی ڕیشەیی بۆ ئەو بابەتە کە مافی گەلی فەڵەستین لەسەر خاکە مێژووییەکەی خۆی مسۆگەر بکات.
