سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران سەرۆکایەتی سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای لاوان دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە سەرۆکایەتی سێیەمین کۆبوونەوەی ئەنجوومەنی باڵای لاوانی کرد کە تیایدا بابەتەکانی بەرنامەی کار تاوتوێ کرا و بڕیاری پێویستیان لەسەر دا.
نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لەراگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە لە کۆبوونەوەکەدا باس لە دۆخی دامەزراوەکانی لاوان کرا لە هەموو پارێزگاکان و بڕیاردرا سەرجەم وەزارەت و لایەنەکان پابەند بکرێن بۆ چۆڵکردنی ئەو دامەزراوانە (کە سەر بە وەزارەتی وەرزش و لاوانن یان بۆیان تەرخانکراوە) لە هەموو پارێزگاکان.
هەروەها بڕیار درا فۆرمی ئەلیکترۆنی بۆ (پێشبڕکێی نیشتمانی بۆ بەرنامەکانی لاوان) ڕابگەیەنرێت، کە ئامانج لێی هەڵبژاردنی 100 بەرنامە و دەستپێشخەری لاوانە و لەلایەن ڕێکخراوە ناحکومی و تیمە خۆبەخشەکانەوە پێشکەش دەکرێت، بە مەبەستی دارایی کردنیان بە بڕی 5-50 ملیۆن دینار، بەپێی بڕیاری ئەنجومەنی وەزیران (23465 ساڵی 2023).
هەر لە کۆبوونەوەکەدا بڕیاردرا لەسەر پێکهێنانی (تیمی نیشتمانی لاوان بۆ گۆڕانی کەشوهەوا)، لە ڕێگەی هەڵبژاردنی 100 گەنجی چالاکەوە لە بواری ڕووبەڕووبوونەوەی گۆڕانی کەشوهەوا و بەشێوەیەکی خۆبەخشانە، ئەمەش بە ئامانجی باشترکردنی ڕۆڵی گەنجانی عێراقە لە چارەسەرکردنی ئاستەنگییە ژینگەییەکان و دانانی بەرنامە و چارەسەر بۆ ئاستەنگییەکانی کەشوهەوا، ئەم تیمە پەیوەندیدار دەبێت بە ئەنجومەنی باڵای لاوانەوە.
هەروەها بڕیاردرا وەزارەتی ژینگە توێژینەوەیەک ئامادە بکات بۆ سەپاندنی ڕێکخستنی ھاوشێوەکردنی کۆنفرانسی لایەنەکان (COP 29) بۆ ساڵی 2024 تایبەت بە گەنجانی بەغداد و بەسەرپەرشتی ئەنجومەنی باڵای لاوان بە ئامانجی چالاککردنی بەشداریکردنی گەنجانی عێراقی لە کار و فێربوونی پەیوەندیدار بە کەشوهەواوە.
