سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران پێشوازی لە وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا دەکات
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران محەمەد شیاع سودانی، بەیانی ئەمڕۆ پێنجشەممە پێشوازی کرد لە وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا خۆسییە مانوێل ئەلبارێس و شاندەکەی یاوەری.
بەگوێرەی راگەیەندراوێکی نوسینگەی ڕاگەیاندنی سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران لە کۆبوونەوەکەدا سودانی باسی لە گرنگی پەیوەندییەکانی نێوان عێراق و ئیسپانیای کرد و هەوڵدان بۆ بەهێزکردنیان لەسەر ئاست و بوارە جۆراوجۆرەکاندا و ئاماژەی بە ئاڵوگۆڕی سەردانە سەرکەوتووەکانی نێوان بەرپرسانی هەردوو وڵاتی کرد، کە دوایینیان سەردانی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیا بەڕێز پێدرۆ سانچێز بوو بۆ بەغداد لە مانگی ڕابردوودا.
هەروەها سەرۆک وەزیران جەختی لەسەر خواستی عێراق کردەوە بۆ ڕاکێشانی کۆمپانیا ئیسپانییەکان بە مەبەستی بەشداریکردن لە پڕۆژەکانی گەشەپێدان و ژێرخانە ستراتیژییەکان لە عێراقدا، کە لە هەمووی گرنگتر پڕۆژەکانی بەندەری فاو مەزن و شاری پیشەسازی و ڕێگای گەشەپێدانە، بەپێی ئەو ئەزموون و ناوبانگییەی کە ئەو کۆمپانیایانە هەیانە لە جێبەجێکردندا.
سەرۆکی ئەنجومەنی وەزیران هەڵوێستی عێراقی نوێکردەوە سەبارەت بە ئەرکی هاوپەیمانی نێودەوڵەتی بۆ بەرەنگاربوونەوەی داعش لە عێراق و ئاماژەی بەوەدا کە ڕێکخراوە تیرۆریستییەکان چیتر هەڕەشە نین بۆ سەر دەوڵەتی عێراق و هێزە چەکدارەکانمان توانای ئەوەیان هەیە بە تەواوی ئەرکەکانی پاراستنی ئاسایش و سەقامگیری جێبەجێ بکەن و ڕووبەڕووی هەڕەشەکان ببنەوە و کاتی ئەوە هاتووە هەنگاو بنێن بۆ پەیوەندییە دوو قۆڵییەکان لەگەڵ هەموو وڵاتانی هاوپەیماندا.
هەروەها سودانی هەڵوێستی ئیسپانیای بەرز نرخاند سەبارەت بە هێرشەکانی سەر غەزە و داوای چڕکردنەوەی فشارە نێودەوڵەتییەکانی کرد بۆ پێشگرتن لە تەشەنەسەندنی ململانێکان و گەیاندنی یارمەتییە مرۆییەکان بۆ گەلی فەڵەستین بە شێوەیەکی خێرا.
لە لای خۆیەوە، وەزیر ئەلبارێس سڵاوی سەرۆک وەزیرانی ئیسپانیای گەیاندە سەرۆک وەزیران و جەختی لە سەر خواستی حکومەتەکەی کردەوە بۆ پەرەپێدانی پەیوەندییەکان و بەهێزکردنی کارەکانی لیژنەی هاوبەشی عێراق و ئیسپانیا و چاوەڕوانی دەستپێکردنی چوارەم خولی دیالۆگی دوو قۆڵی نێوان هەردوو وڵات دەکات.
هەروەها وەزیری دەرەوەی ئیسپانیا ئاماژەی بە کارەکانی ڕاوێژکارانی ئیسپانیا کرد لە عێراق لەنێو هاوپەیمانێتی نێودەوڵەتیدا و جەختی لە پشتیوانیکردنی حکومەتەکەی کردەوە بۆ هەر بڕیارێک کە عێراق لەم بارەیەوە بیدات و عێراق هاوبەشێکی سەرەکییە بۆ وڵاتەکەی و هێشتا هەوڵەکان بەردەوامن بۆ دۆزینەوەی دەرفەتی هاوبەشی زیاتر و ڕوونیکردەوە کە وڵاتەکەی هەوڵدەدات بۆ بەدیهێنانی ئاگربەستێک لە غەزە و هەڵگرتنی ئەو گەمارۆیەی بەسەر دانیشتووانی غەزەدا سەپێنراوە و داوای کۆنفرانسێکی ئاشتی گشتگیر دەکات بۆ دامەزراندنی دەوڵەتێکی فەڵەستینی.
