سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان عیمران خان و هاوسەرەکەی بوشرا بیبی بە چواردە ساڵ زیندانی سزادران
ڕۆژنامەی دونی پاکستانی ڕۆژی چوارشەممە ڕایگەیاند کە سەرۆک وەزیرانی پێشووی پاکستان عیمران خان و هاوسەرەکەی بوشرا بیبی بە 14 ساڵ زیندانی سزادران لە کەیسێکدا کە پەیوەندی بە فرۆشتنی دیاری دەوڵەتەوە هەیە.
ئەم بڕیارە 24 کاتژمێر دوای ئەوە دێت کە دادگایەکی دیکەی پاکستان سزای 10 ساڵ زیندانی بەسەر عیمران خان و وەزیری دەرەوەی پێشووی وڵاتەکەدا سەپاند، کەیسەکە پەیوەندی بەو تۆمەتانەوە هەیە کە دەڵێن "عیمران خان ناوەڕۆکی نامەی نهێنی بڵاوکردەوە کە باڵیۆزی وڵاتەکە لە واشنتۆن بۆ حکومەتی ئیسلام ئاباد ناردوویەتی".
حیزبی عیمران خان، بزوتنەوەی ئینساف، ڕایگەیاند، "دادگایەکی تایبەت هەریەکە لە عیمران خان و شا مەحەممەد قوریشیی وەزیری دەرەوەی پێشووی پاکستان بە 10 ساڵ زیندانی سزادا"، ئاماژەی بەوەشکردووە، "بزووتنەوەی ئینساف بڕیارەکە ڕەت دەکاتەوە".
ساڵی ڕابردوو لە پاکستان چەند مانگێک خۆپیشاندانی توندوتیژی کە وڵاتەکەی هەژاند بەڕێوەچوو، لایەنگرانی عیمران خان توڕە بوون دوای دەستگیرکردنی لە دۆسیەی گەندەڵی و خۆپشاندەران بۆ چەند ڕۆژێک هێرشیانکردە سەر دامەزراوە گشتی و سەربازییەکان وڵاتەکە دژی دەستگیرکردنی عیمران خان.
