واشنتۆن:مقاوەمەی عێراقی لە پشت هێرشەکەی سەر ئوردنە
وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا رایگەیاند، گومانیان هەیە ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزەکانیان لە ئوردن لەلایەن "مقاومة"ی عێراقییەوە پلانی بۆ دانرابێت، راگەیەنراوی حزبوڵای عێراقیش لەبارەی راگرتنی هێرشەکانیان رەتدەکەنەوە و دەڵێت، "ئەو گروپە چەکدارانە متمانەیان پێناکرێت."
جۆن کێربی وتەبێژی ئەنجومەنی ئاسایشی نیشتمانی ئەمریکا لە کۆشکی سپی رایگەیاند، پێیان وایە ئەو هێرشەی کرایە سەر هێزە ئەمریکییەکان لە سنوری نێوان ئەردەن و سوریا لەلایەن "مقاومة"ی عێراقەوە پلانی بۆ دانرابێت و کەرەستەی جەنگی بۆ دابینکرابێت.
ئاماژەی بەوەشکرد، حزبوڵای عێراقیش یەکێک لە ئەندامانی تۆڕی "مقاومة"ی عێراقی، جۆو بایدنی سەرۆکی ئەمریکاش لەبارەی هێرشەکەوە پێی وتوە، پێویستە بە رێگایەکی گونجاو وەڵامی ئەو هێرشە بدەنەوە.
ئەوەشی خستەڕو، سەرۆکایەتی ئەمریکا بەردەوام لە توێژینەوەکردن لەبارەی بژاردەکانی تۆڵەکردنەوەی ئەو هێرشە، تۆڵەکردنەوەکانیشیان تەنها بۆ یەکجار نابێت.
جۆن کێربی باسی لەوەشکرد، راگەیەنراوی راگرتنی هێرشەکان لەلایەن حزبوڵای عێراقەوە رەت دەکانەوە، چونکە ناکرێت وتەی ئەو گروپە چەکدارانە جدییانە وەربگیرێت، هەروەها ئەوان تاکە لایەن نەبون کە هێرشیان کردوەتە سەر هێزە ئەمریکییەکان.
