سەرۆك کۆمار: عێراقییەکان لە سەختترین هەلومەرجدا دەستبەرداری خوێندنەوە نەبون و پشتیان لە کتێب نەکردوە
بە چاودێری سەرۆك کۆمار د.لەتیف جەمال رەشید ئەمڕۆ پێنجشەممە 8-2-2024 چالاکییەکانی سێیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە نەجەفی پیرۆز دەستیپێکرد.
نوسینگەی راگەیاندنی سەرۆکایەتی کۆمار لە راگەیەندراوێکدا بڵاویکردەوە:-,,سەرۆك کۆمار لە رێوڕەسمی کردنەوەی پێشانگاکەدا، کە هەریەک لە د.ئەحمەد ئەلموبەرقەع وەزیری لاوان و وەرزش، ژمارەیەك ئەندامی ئەنجومەنی نوێنەران، حسێن عیساوی سەرۆکی ئەنجومەنی پارێزگای نەجەف و کەسایەتی رۆشنبیریی هەرێمی کوردستان ئامادەیبون، وتەیەکی پێشکەشکرد و دوپاتیکردەوە، کردنەوەی پێشانگاکە گرنگییەکی ناوازەی هەیە، بەوپێیەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقهه، هەروەها شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.
سەرۆک کۆمار ئاماژەی بەوەکرد، عێراقییەکان لە سەختترین هەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە. ئەمڕۆش نەجەف گەواهیدەری هەستانەوەیەکی زانستی و هزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کە پێشەنگی رۆشنگەریە و هەموومان دڵخۆش دەکات.
ئەمەش دەقی وتەکەی سەرۆك کۆمارە؛
خوشکان و برایانی ئامادەبوی بەڕێز ..
سڵاوی خوداتان لێبێت ..
خۆشحاڵم ئەمڕۆ لەگەڵتاندام بۆ کردنەوەی کارەکانی سێیەمین خولی پێشانگای نێودەوڵەتیی کتێب لە نەجەف، ئەگەر چالاکییە رۆشنبیرییەکان لە ژیانی نەتەوە و گەلاندا گرنگییەکی زۆری هەبێت، ئەوا گرنگییەکەی لە پارێزگای نەجەفی پیرۆزدا ناوازەترە، لەبەرئەوەی نەجەف شاری زانست و ئەدەب و زمان و فیقهه، هەروەها شوێنی لە ئامێزگرتنی حەوزە ئایینییەکانە.
لەمێژە ئەو وتە بەناوبانگە لەناو خەڵکدا بڵاوبوەتەوە کە؛ قاهیرە دەنوسێت، بەیروت چاپ دەکات، بەغداش دەخوێنێتەوە، ئەمەش ئاماژەیە بۆ رادەی تەشەنەکردنی رۆشنبیری و زۆری ژمارەی رۆشنبیران لە دەیەکانی رابردودا لە عێراق.
ئەمڕۆ مافی خۆمانە بە خۆنەویستییەکی زۆرەوە بانگەشەی ئەوە بکەین، کە عێراقییەکان لە سەختترین هەلومەرج و لەژێر حوکمی ستەمکارترین و دڕندەترین دەسەڵاتە دیکتاتۆرییەکاندا، دەستبەرداری خوێندنەوە نەبوون و پشتیان لە کتێب نەکردوە، کتێب بەشێوەیەکی نهێنی لە نێوانیاندا دەستاودەستی کردوە دوای ئەوەی رژێمە تۆتالیتارییەکان سانسۆری خۆیان بەسەر مافی دەربڕین و نوسین و بڵاوکردنەوە و تەنانەت خوێندنەوەدا، سەپاندبو.
نەجەفی پیرۆز هەر لە سەرەتاوە و پێش دامەزراندنی دەوڵەتی نوێی عێراق، بزوتنەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەی لەخۆگرتبوو، یەکەم چاپخانەی هەڵمی زیاتر لە سەدەیەک لەمەوبەر لێرە لە نەجەف، دامەزرێندرا.
نەجەف لە سەردەمی رژێمی پێشوودا دوور نەبوو لە جوڵانەوەی چاپ و بڵاوکردنەوە، سەرەڕای ئەوەی وەک پارێزگاکانی دیکەی عێراق کەوتبوە ژێر سانسۆرێکی توندەوە و لەو سەردەمەشدا مانایەکی راستەقینەیان بۆ بزوتنەوەی بڵاوکردنەوەی رۆشنبیری نەهێشتبووەوە دوای ئەوەی دیکتاتۆر و دەزگا سەرکوتکەرەکانی کۆنترۆڵی چالاکی نوسین و نوسەرانیان کردبو.
ئەمڕۆ نەجەف گەواهیدەری هەستانەوەیەکی زانستی و هزری و جوڵانەوەیەکی چاپ و بڵاوکردنەوەیە، کەمترین شت دەربارەی بگوترێت ئەوەیە کە پێشەنگی رۆشنگەریە و هەموومان دڵخۆش دەکات، رابون و رێنیسانسێکی مەعریفی یان کلتورێکی واقیعی نییە - بە بڕوای من- تەنها لەڕێگەی کتێب و کتێبخانەوە نەبێت.
هیوای سەرکەوتن بۆ رێکخەران و سەرپەرشتیارانی پێشانگاکە دەخوازین، پێشکەوتنی زیاتری زانستی و رابونی مەعریفی بۆ شاری زانست و زانایان.
دوبارە سڵاوی خوداتان لێبێت
