ژووری بازرگانیی سلێمانی لەبارەی تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شارەکە راگەیەندراوێکی بڵاوکردەوە
ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی لەبارەی تەقەکردن لە سەرمایەدارێکی شارەکە و پاشان هەوڵی ئەمڕۆی هێزە ئەمنییەکان بۆ دەستگیرکردنی تۆمەتباران دەڵێت، "بڕیاری ئەمڕۆی دادگە کە فەرمانی دەستگیرکردنی تۆمەتبارانی دەرکردووە، بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ھەموولایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکییان لەم دۆسییە ھەستیارە کرد بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا".
ئەمەش دەقی راگەیێندراوەکەی ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانیە:-
وەک ھەموولایەک ئاگادارن لە ماوەکانی رابردوودا بازرگانێکی شاری سلێمانی لەلایەن چەند چەکدارێکەوە بەشێوەیەکی نایاسایی و دوور لە ھەموو بەھایەکی کۆمەڵایەتی دەستدرێژی کرایە سەر و بە سەختی بریندارکرا.
ئێمە وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی وێڕای ئیدانەکردنی ئەم دەستدرێژییەی کراوەتە سەر یەکیک لە بازرگانەکانی شاری سلێمانی لە ھەمانکاتدا بە ئەرکی خۆمان دەزانین بەرگری لە ھەموو مافەکانی (بازرگانان ـ پیشەوەران و وەبەرھێنەران) بکەین بەبێ جیاوازی، لێرەدا وەک ژووری بازرگانی و پیشەسازیی سلێمانی بڕیاری ئەمڕۆی دادگە کە فەرمانی دەستگیرکردنی (تۆمەتباران)ـی دەرکردووە بەرز دەنرخێنین و سوپاسی ھەموولایەنی پەیوەندیدار دەکەین کە بەوپەڕی بەرپرسیارێتییەوە داکۆکییان لەم دۆسیە ھەستیارە کرد بۆ چەسپاندنی سەروەری یاسا.
دەستخۆشى لە بەڕێزان سەرۆکی يەكێتیی نيشتيمانى كوردستان بەڕێز بافڵ جەلال تاڵەبانی و جێگری سەرۆکی حكومەتى هەرێمی كوردستان بەڕێز قوباد جەلال تاڵەبانى دەكەين بۆ پاڵپشتیكردنيان بۆ باڵادەستبوون و سەروەریى ياسا، سەلمانديان كە شارى سلێمانى ژينگەيەكى هێمن و لەباره بۆ سەرجەم وەبەرهێنەران و سەرمايەدار و بازرگان و كاسبكارێک کە سەروەت و سامانيان هەميشە پارێزراوه.
ژوورى بازرگانى و پيشەسازىی سلێمانى
12-2-2024
